شاخەوان عەبدوڵڵا: سوودانی دەڵێت رێگە نادات دەستدرێژی بکرێتە سەر جووتیارانی کورد

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەم زووانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و لەبارەی دۆخی پەلکانەشەوە گوتی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی قسەی کردووە و سوودانیش گوتویەتی، قبووڵ ناکات دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ جووتیارێکی کورد

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رووداوەکەی رۆژی هەینی پەلکانەوە رایگەیاند، ”لە گوندەکەوە پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان کە هەندێک گەنجی عەرەب چوونەتە لای یەکێک لە دووکانەکانی کورد و گرژی دروستبووە، تەنانەت لێدانیش روویداوە، دواتر عەرەبەکان گەڕاونەتەوە و کۆمەڵێک خەڵکی دیکەیان هێناوە و دیسان شەڕ روویداوەتەوە.”

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە کردووە و گوتویەتی، ”نابێ ئەم دۆخە بەردەوام بێت و دەبێ هەوڵ بدەن رێگری بکەن لەوەی عەرەب لە دەرەوەی پەلکانەوە بچێتە نێو گوندەکە، چونکە ئەو عەرەبانەی لەنێو پەلکانەن ژمارەیان کەمە.”

21ـی ئەم مانگە لە نێوان هاونیشتمانییانی گوندی پەلکانە و عەرەبە هاوردەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو، دواتر عەرەبە هاوردەکان بۆ پشتیوانی خۆیان عەرەبێکی زۆریان بردە گوندەکە و ئاڵۆزییەکان پەرەیان سەند و بەو هۆیەوە رۆژی شەممە هێزێکی پێشمەرگەی میحوەری 5 بەرەو سنووری گوندەکە جووڵەی پێکرا.

لە شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا چەند کەسێک بە دار و بەرد و ئاسن برینداربوون؛ عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەڕەکەدا سێ کەس براونەتە نەخۆشخانەی دوبز و تەندروستیان باشە؛ گوتیشی: “سێ بریندارەکە لە نەخۆشخانە وەکو تۆمەتبار دەستبەسەرن.” 

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، دوای رووداوەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئەوەی روودەدات ”مەترسییەکی یەکجار گەورەیە و ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تەقینەوەی لێدەکەوێتەوە و شەڕێک دروست دەبێت کە خزمەت بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ناکات و رەنگە ئارامی ناوچەکەش بخاتە مەترسییەوە.”

دڵخوازەكانتان