هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە و ناوخۆ، ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە، دەتوانن کاری تەكسی بکەن

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای دەکات، هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە و ناوخۆ، ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە، دەتوانن کاری تەكسی بکەن.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە 13ى4ی2023 دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە، سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان، دەتوانن دەست بکەنەوە بە کاری شۆفێریی تەكسی، بەڵام بە مەرجی لێدانى لۆگۆ لە تەكسییەکانیان.

نووسراوەکەى وەزارەتى ناوخۆ ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێڕەڤانی و فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ کراوە و تێیدا ڕەزامەندیی دراوە، كە کارمەندان لەدوای دەوامی فەرمی، دەتوانن کاری شۆفێریی تەكسی بکەن، بەو مەرجەی مامەڵەى پێویست بۆ لێدانی لۆگۆ لە تەكسییەکانیان بکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەرکەسێک تاوەکوو 15ی7ی 2023 ئەمساڵ تەكسییەکەی لۆگۆی پێوە نەبێت و کاری تەكسی بکات، سزای دارایی دەدرێت.

ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: “هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک دینار کەمترە، دەتوانن کاری تەكسی بکەن، بەڵام دەبێ تاوەکوو مانگی 7ی 2023 لۆگۆیان لێ دابێت.”

ئاماژەی بەوەش دا: “ئەوەی مووچەکەی لە ملیۆنێک زیاتر بێت، ناتوانێت کاری تەکسی بکات.”

سەبارەت بەوەی چۆن دەزاندرێ مووچەی ئەو کەسانە له ملیۆنێک دینار کەمترە، ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: “کاتێک دەچێت بۆ لێدانی لۆگۆ، داوای نووسراوی پشتگیریی فەرمانگەکەی لێ دەکرێ، کە تیایدا مووچەکەی دیاری دەکرێت، ساڵانەش کە لۆگۆ نوێ دەکاتەوە، داوای ئاشكراكردنی بڕی مووچەكەی دەکرێ.”

دڵخوازەكانتان