“10هەزار چەكی پارەی گەنم لە هەولێر خەرج كراوە”

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی ئاماژە بە هۆكاری خاودابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەكات و دەشڵێت: ”10هەزار چەكی پارەی گەنم لە هەولێر خەرج كراوە و شەش هەزار چەكی دیكە ماوە و خەرج دەكرێت.“

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: “لە سنووری هەولێر ئەو گلەییە هەیە، كە پارەی گەنمی ساڵی 2016 بەخاوی دابەش دەكرێت، بێ گومان هۆكاری ئەو بابەتە ئەوەیە، تەنیا لە یەک شوێن دەتواندرێت پارە خەرج بکرێت، چونکە یەک سایلۆمان هەیە، بەڵام لە دهۆك و سلێمانی خێراتر دابەش دەكرێت و شوێنی دیكە هەیە.”

ئاماژەی بەوەش دا: “تەنیا لە هەولێر 16هەزار چەک بوو، زیاتر لە 10هەزار چەكی دابەش کراوە و ئەو شەش هەزارەكەی كە ماوە، رۆژانە دابەش دەكرێـت و بەمنزیكانە كۆتایی پێدێت.”

كۆی گشتیی چەكی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016، كە بڕەكەی زیاتر لە 132 ملیار دینارە.

سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕاگەیاند: “چەكی گەنمی پارەی گەنمی 2015 زیاتر لە هەشت هەزار چەك بوو، تەواومان كرد، 16 هەزار چەكیش پارەی گەنمی ساڵی 2016 بوو، بەپێی رادەستكردنی گەنم پارەكە خەرج دەكرێت، بانك ژمارەیەكی كەمتریان داناوە، بەڵام رۆژانە ئێمە 400 بۆ 500 چەك خەرج دەكەین.

پارەی گەنمی جووتیارانی 2015 و 2016 رۆژی 14ی 2ی 2023 کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە بەغدا، چەکەکەی رادەستی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد؛ كە بڕەكەی 272 ملیار دینار بوو.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا چەكی ئەو جووتیارانە خەرج دەكرێت، كە لە مانگی 6ی ساڵی 2016دا گەنمیان رادەستی سایلۆكانی هەولێر و شەمامك و مەخموور و بنكەی كۆیە كردووە.

دڵخوازەكانتان