ژمارەی کوژراوانی سودان گەیشتە نزیکەی 185 کەس

شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای ئەو وڵاتە ئەفریقییە بەردەوامە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت: ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە نزیکەی 185 کەس. 

تیلیگرامی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سلێمانی جؤین بكە

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 17ـی نیسانی 2023، ڤۆلکەر پێرسێس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سوودان لە دانیشتنێکی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا گوتی لانیکەم 185 کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادانی سێ رۆژی رابردووی سوودان کوژراون و هەزار و 800 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، پێرسێس بە رۆژنامەڤانانی گوت: “دۆخەکە زۆر نالەبارە بۆیە زۆر قورسە بزانین شەڕەکە بەکوێدەگات”.

بەیانیی رۆژی سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا گوتی کە قسەی لەگەڵ هەریەک لە عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپا و محەممەد حەمدان دەگەلۆ، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا کردووە. 

بلینکن دەڵێت، لەگەڵ هەردوولا باسی لە پێویستیی خێرای راگەیاندنی ئاگربەست کردووە، چونکە “ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.”

هاوکات، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لەدوای کۆبوونەوەیان لە ژاپۆن، لە راگەیێندراوێکدا داوای وەستاندنی شەڕیان کرد “بەبێ بوونی مەرجی پێشوەختە.” 

پێشتر، هەر رۆژی دووشەممە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنەکانی شەڕ کرد بۆ ئەوەی “دەستبەجێ” شەڕ رابگرن و هۆشداری دا لەوە کە هەڵکشانی زیاتر “وڵاتەکە و ناوچەکە وێران دەکات”. 

تادێت نەخۆشخانەکانی برینداری زیاتریان پێدەگات و توانای نەخۆشخانەکانیش لە تیمارکردنی برینداران سنووردارە؛ رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت: لە 48 کاژێری سەرەتای شەڕدا 11 کەس بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە. 

دڵخوازەكانتان