زیان لێكەوتوانی لافاوی ڕۆژانی ڕابردوو قەرەبوو دەكرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان ئاشکرای کرد، خەریکی ئامادەکارین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ڕۆژانی ڕابردوو، نووسراویش بۆ ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە.

حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان، ڕاگەیاند: “ئێمە لای خۆمانەوە نووسراومان بۆ ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی خەملاندان بۆ زیانەکانی لافاوی ڕۆژانی ڕابردوو بکرێت و دواتر ئێمە ئاگادار بکرێینەوە بۆ ئەوەی بە نووسراوی  فەرمی داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکەین بۆ ئەوەی دەست بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو بکرێت.”

حوسێن کەلاری گوتیشی: “ئەوانەی بەھۆی لافاوی ئەمساڵەوە زەرەرمەند بوون، قەرەبوو دەکرێنەوە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئێستا لە قۆناغی خەملاندنی زیانەکانین تا نەزانین چەند خێزانە و زیانەکانی چین، ئینجا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دەردەکەین بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی قەرەبووکردنەوە.”

دڵخوازەكانتان