میوانە زیرەكەكەی داهاتوی مرۆڤ

دەستەواژەی زیرەكیی دەستكرد لە دەیەكانی ڕابردوودا لەلایەن زانای بواری كۆمپیوتەر و تەكنۆلوژیا (جۆن مەكارتی)یە وە بەكار هێنرا، زیرەكیی دەستكرد واتە دەرخستن و بەكارهێنانی توانای ئامێرەكە بۆ لێكدانەوە و بەجێهێنانێك كە لە بناغەدا پرۆگرامینگ و بەرنامەڕێژیی بۆ نەكراوە، بەڵكو ئامێرەكە بەشێوەیەكی زیرەكییانە خۆی لێكدانەوەی بۆ دەكات، لە ئاستێكدا توانای هەبێت بەسەر پرۆگرام و  بواری پزیشكی و مەنتیق و بیركاری و فەلسەفە و دەروونشیكاری و…هتد، بەكورتی ئەو زیرەكییە لە داهاتودا ڕەنگە لە هەموو بەشێكی ژیاندا لە گەڵمان بێت و دەست بگرێت بەسەر جووڵەماندا و ئاراستەمان بكات.

 ئەم دۆزینەوە گرنگە لە دوای شوڕشی فەرەنسا و دۆزینەوەی ئەنتەرنێتەوە سێیەمین بازدانی مرۆڤایەتییە، ئێستاش خەریكە هێدی هێدی لە زۆر بوار و پیشەدا جێگە بە مرۆڤ لێژ دەكات، ئەم زیرەكییە بووە هۆی لەدەستدانی هەزاران پیشەی پیشەوەران و كاری كرێكاران و دەستی كار، نەك هەر ئەوە بەڵكو ئێستا لە بەشێكی بەرچاوی كۆمپانیا جیهانییەكاندا ڕۆبۆتە زیرەكەكان هەڵسەنگاندن بۆ وەرگرتنی سیڤی و چاوپێكەوتن بۆ وەرگرتنی هەلی كار لەگەڵ مرۆڤەكان دەكەن.

 بەگوێرەی توێژینەوەیەكی پێگەی (pwc) كە لەسەر سەدان كۆمپانیا كراوە، بەشێكی بەرچاویان بۆ وەرگتنی كارمەندی نوێ‌ پشتیان بەو ڕۆبۆتانە بەستووە، هەروەها ڕاپۆرتێكی (ئۆپن میند)ی ئیسپانی ئاماژە بەوە دەكات كە لە هەندێك كۆمپانیادا بۆ پلەبەرزكردنەوە و سزادانی كارمەندانیش سوود لە زیرەكیی دەستكرد وەرگیراوە، ئەمە جگە لەوەی ئەم ڕۆبۆتانە دەستیان بەسەر كاری مرۆڤدا گرتووە، هاوكات لە جێگەی مرۆڤیش بیردەكەنەوە و بڕیار دەدەن، هەندیك جار جیاكارییش دەكەن لە نیوان ئەو كەسانەی كە چاوپێكەوتنی وەرگرتنی كار دەكەن، ئەم زیرەكییە دەستكردە بەدەریش نییە لە ڕەگەزپەرستی، چونكە هەندێ جار لە دژی ڕەشپێست و ژنان و كەسانی كەم ئەندامان بڕیار ئەدەن، تەنانەت مەترسیی ڕەگەزپەرستییەكەیان لە ئاستێكدایە كە كۆمیسیۆنی هەلی كاری ئەمەریكا هۆشداری دەدات لەوەی زیرەكییە دەستكردەكان جیاوازیی ڕەگەزی دەكەن لە نیوان ئەو كەسانەی داوای هەلی كاردەكەن، ئەمەش بە مەترسییەكی جدی ناوزەندەكات و داوای بەهەندوەرگرتنی ئەو بابەتی ڕەگەز پەرستییە دەكات لەلایەن ڕۆبۆتە زیرەكەكانەوە، بۆچارەسەر كردنی ئەو كێشانەی كە لە داهاتودا بەهۆی زیرەكییە دەستكردەكانەوە ڕووبەڕووی مروڤایەتی دەبێتەوە.

ئێستا پەرلەمانی ئەوروپا لەلایەن خۆیەوە سەرقاڵی داڕشتنی  دوو پرۆژە یاسایە بۆ سنوورداركردنی تەكنیكەكانی زیرەكیی دەست كرد

یەكەمیان: پێویستە لەسەر كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی زیرەكیی دەستكرد كە ئەو زیرەكانە بە جۆرێك بن كە لە كاتی هەڵسەنگاندن بۆ وەرگرتنی هەلی كاردا ڕەچاوی پێوەری یەكسانی بكەن.

دووم: قەدەغەكردنی خۆێندنەوەی هەستی مرۆڤ لەلایەن ڕۆبۆتە زیرەكەكانەوە لەكاتی چاوپێكەوتنی وەرگرتنی كار و كارمەندانی ناو كۆمپانیاكان.

لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستییە قبووڵ بكەین كە میوانە زیرەكەكانی سەر هەسارەكەمان پابەندی هیچ ئایینێكی ئاسمانی و هیچ یاسایەكی سەرزەوی نین، لەبەر ئەوە پێویستە یاسایان بۆ دابڕێژیت و پابەندی یاسای مرۆڤەكان بكرێن، یان دەبێت هەسارەكەیان بۆ چۆڵ بكەین، چونكە تەنانەت ئەوان لەبری قوتابییەكانیشمان دەخوێنن و هەوڵ دەدەن، ئەوتا زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی هۆشداری دەدات لەوەی كە پێویستە زیرەكیی دەستكرد وەك چەكی ئەتۆمی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئاماژە بەوەش دەكات زۆر سەختە كۆنترۆڵكردنیان، بەتایبەت باسی ئەپلیكەیشنی (چات جی پی تی)دەكات كە ئێستا بووە بە گرفت بۆ زانكۆكە، بە جۆرێك كە قوتابیان بە هۆی ئەم ئەپلیكەیشنەوە دەتوانن لە تاقیكردنەوەكاندا پلەی زانستییانەی باش بەدەست بهێنن، بەبێ‌ ئەوەی بخوێنن و خۆیان ماندوو بكەن بۆ تاقیكردنەوەكان، كە ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی قوتابیان بۆ فێربوون و تاقیكردنەوە زانسییەكان لە هەوڵدان بوەستن، زانكۆكە وای دەبینێت كە لە داهاتودا زیرەكیی دەستكرد گەورەترین لەمپەری بەردەم گەشەی زانستیی فێرخوازان بێت.

ئێستا دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە ئەم زیرەكییە دەستكردانە لە جێگەی مرۆڤ كاردەكەن و بیر دەكەنەوە و بڕیار دەدەن، ئەمەش مانای وایە لە داهاتودا ئەوان مرۆڤ و ئێمە ڕۆبۆت دەبین،

زۆربەی زانایان بڕوایان وایە كە تا ساڵی 2079 ئەم ئامێرانە بە بێ‌ ئاوڕدانەوە لە مرۆڤ

ئاراستەی ئایندەی ژیان لەسەر هەسارەكەمان دەگرنە دەست، نكۆڵی ناكرێت لەم بازدانە گەورەیەی مروڤایەتیدا هەر وڵات و گەلێك زووتر دەستی بەم زیرەكییە دەستكردان بگات، باڵادەستیی خۆی دەسەپێنێت بەسەر گەلانی دیكەدا، ئەوەش ڕوونە كە لە داهاتودا هەموو تاكێكی سەر زەوی بەركەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەم زیرەكییە دەستكردانە دەبێت، بۆیە پێویستە ئێمەی كوردیش لە ئێستاوە خومان ئامادە بكەین بۆ چوونە ناو ئەو گۆڕانە حەتمییەی لە داهاتوودا دێتە ئاراوە.

لێرەدا وەك خۆئامادەكرنی پێشوەختە چەند هەنگاوێك دەخەینە ڕوو، وەك:

-دانانی ژووری زانست و تەكنۆلوجیا لە كەسانی شارەزا و ئەكادیمی، كەتوێژینەوەی ورد و زانستییانە بكەن، بۆ چونێتی خۆئامادەكردن و سوود بینین لەو زیرەكییانە و خۆپارێزی لە مەترسییەكانی.

-دانانی كوالێتی زانستی بۆ كۆنترۆڵكردنی هێنانی تەكنۆلۆژیا و ڕۆبۆتە زیرەكەكان، تا كوردستان نەبێتە گۆڕەپانی تاقیكارییە زانسییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئەم بوارانە، چونكە هەندێك لەو زیرەكییە دەستكردانە دەكرێت بە ئایدۆلوژا و بیری خراپ و ساختەكاری و زیرەكیی نەزانكاری و… هتد بەرنامەڕێژ كرابن.

-قوتابیان لەقوناغەكانی خوێندنی بنەڕەتیەوە ئاشنا بكرین بە كۆمپیوتەرو هەندێك ئەپڵی كەیشنی یاری كردن و چۆنیەتی بەكارهێنانیان بەپێی ئاستەكان لێژنەی تایبەت مەند بۆیان دیاری بكات

-بەشداری كردنی مامۆستا و قوتابیانی زانكۆكان لەهۆرك شۆپ و خولی زانستی لەدەرەوەی وڵات  لەپێناو بەرەو پێش چونی ئاستی زانستی و فێر بونی زمانە جیهانیەكەی تەكنە لوجیا

-لەكۆتیایدا پیدا چونەوەی ورد بكرێت بە بابەت و پرۆگرامەكانی خوێندنی بەشی ئای تی و كۆمپیوتەر،فۆكس بخرێتە سەر سۆفت وێرو پروگرامە نوێ‌ و بەكارەكانی داهاتو

هیوا ئەحمەد

دڵخوازەكانتان