د. سالار عوسمان پێشوازی لە شاندێکی باڵای سیاسی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی کوردە فەیلییەکان دەکات
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای سیاسی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی کوردە فەیلییەکان کرد و، کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیداری تایبەت بە کوردە فەیلییەکانی خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی ٤٣ ساڵەی کارەساتی جینۆساید و کۆمەڵکوژی دەرھەق بە کوردە فەیلییەکان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای سیاسی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی کوردە فەیلییەکان کرد.
لەدیدارەکەدا بارودۆخی کوردانی فەیلی خرایە بەر باس و گفتوگۆکردن و، سەبارەت بە ڕەوشی فەیلییەکان، بەتایبەت لەڕووی کاری میدیاییەوە، شاندی میوان کۆمەڵێ داواکارییان پێشکەشی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
لە دانیشتنەکەدا دکتۆر سالار عوسمان، جەختی لەسەر کاری پێکەوەیی کردەوە، ئەوەش لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی خەمناکە، تایبەت بە شەھیدانی کوردی فەیلی و، ٤٣ ساڵ بەر لە ئێستا کارەساتێکی گەورە دەرحەق بە کوردانی فەیلی ئەنجامدرا، بەداخەوە تا ئەمڕۆش یادی ئەم کارەساتە وەک پێویست لەڕووی مێژوویی و زانستی و کاری ئەکادیمی و میدیاییەوە گرینگی پێویستی پێنەدراوە، وتیشی: “لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ شەھیدانی کوردی فەیلی، زۆر گرینگیشە کە نەوەی نوێمان ئاگاداری مێژووی ئەم کارەساتە بن، بۆ ئەوەی ھێز و ئیلھام لە مێژوو وەربگرن و ئاشنای خۆڕاگریمان بن، وە ھێز و تواناش لە بیری شۆڕشگێڕی کوردستان وەربگرن، کە دوێنێ بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی بووە و، ئەمڕۆش بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانییە”.
ھەر لە دیدارەکەدا دکتۆر سالار عوسمان، جەختی لەوەکردەوە کە ئێمەی کورد میلەتێکی زیندوو بەھێزین و دەتوانین دواڕۆژ و ژیان دروست بکەین.
لە کۆتاییدا بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە ئەمڕۆ پێشوازی لە کۆمەڵێک نوخبە و کەسایەتی دیاری سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمی کوردە فەیلییەکان کردووە و، ھیواشی خواست کە ھەموان بەیەکەوە بتوانن خزمەتی زیاتری کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بکەین.