ڤیان سەبری: بەر لە دەسپێکی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق یەکێتی لەبارەی خاڵەکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن نیگەران نەبوو

دوای گفتوگۆیەکی زۆر، یاسای هەڵبژاردنەکان لە پەرلەمانی عێراق هەموارکرایەوە، بەپێی هەموارەکە دەبێت پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک بکرێت، بە پشتبەستن بە تۆماری ساڵی 1957.

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمە سێیەم پڕۆسەی هەموارکردنەوەیە بۆ یاسای هەڵبژاردن دەکرێت، کە بێگومان گفتوگۆی زۆری لەبارەوە کرا.

ڤیان سەبری هەروەها راشیگەیاند، بێگومان هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەیە، کە پارتی و یەکێتی تێیدا نوێنەرییان هەیە، لەوێ باسی پێکەوەلکاندنی هەردوو یاساکە کرا، کە بریتی بوو لە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و پارێزگاکان.

سەبارەت بە پرسی پارێزگای کەرکووک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: “ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، کاتی هەمواری دووەم ئەنجامدرا، لە دانیشتنەکەدا بەشدار نەبووین و یەکێتی نیشتمانی تێدا بەشدار بوو، چونکە بابەتی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک جیاکرابووەوە، تەنیا پشت بە لێکچوونی ناسنامە و هەبوونی پسوولەی خۆراک دەبەسترا، بۆیە ئێمە بەشدار نەبووین، ئێمە ئەوکات سکاڵامان لە دادگای ئیتیحادی تۆمارکرد، دادگای ئیتحادیش ئەوەی راگەیاند کە نابێت لە کەرکووکدا جیاکاری بکرێت”.

دەشڵێت: “بەر لە دەسپێکی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، خاڵەکان بۆ فراکسیۆنی یەکێتی خوێندرایەوە،  یەکێتی هیچ نیگەرانییەکی لەسەر خاڵەکان نەبوو”.

هەروەها گوتیشی: “بە گوێرەی تۆماری دەنگدەرانی ساڵی 1957، زۆرترین پێکهاتەی کەرکووک کورد بوون، هەروەها راگوازراوەکان سەردانی لێژنەی بەدواداچوونی راستییەکانی تایبەت بە ماددەی 140 دەکەن، دوای دەرکەوتنی راستی زانییارییەکان، دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن”.

دڵخوازەكانتان