شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شاندی حکوومەت سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 28/3/2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی بەغدا دەکاتەوە و بەردەوامی بە دانووستاندنەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەدات.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو، شاندەکە پێک هاتووە لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و هەریەک لە کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەندامی شاندەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕوونیشی كردووەتەوە، ئەم شاندەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە بەغدا گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت دەکەن، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، درێژە بە دانووستاندنەکان دەدەن، بڕیاریشە چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا بكرێن.

دڵخوازەكانتان