بایدن هەڕەشە لە ئێران دەکات: گورز دەوەشێنین

جۆ بایدن هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا “بە تووندی گورز دەوەشێنین.” ئەوەش لەکاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا و هێزەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا بۆردوومان و مووشەکبارانی یەکدی دەکەن. 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆتاوای کەنەدا گوتی: “ئەمریکا نایەوێت لەگەڵ ئێران بکەوێتە شەڕەوە، بەڵام با خۆیان بۆ ئێمە ئامادە بکەن، چونکە بە تووندی گورز دەوەشێنین تاوەکو خەڵکی خۆمان بپارێزین.” 

بایدن گوتیشی، ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی “لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا.”  

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی 24ی ئاداری 2023، پێنتاگۆن لە تۆڵەی هێرشێکی رۆژێکی پێشتری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە نزیک حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، سێ پێگەی گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانی کردە ئامانج و لەو هێرشانەدا “لانیکەم 14 کەس کوژراون.”

لەدوای ئەم گوتانەی بایدنیش، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە بە 10 مووشەک هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە گوندی سەوزی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرانە ئامانج. 

یەکێک لە مووشەکەکان “بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە دووری بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە” و بەهۆیەوە زیان بەر خانوویەک کەوتووە و دوو ژن و دوو منداڵیش بەهۆیەوە “بە سووکی بریندار بوون.” 

بنکەی گوندی سەوزی ئەمریکا دەکەوێتە نزیک کێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا. ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەدایە و سوپای ئەمریکاشی تێدایە. 

دڵخوازەكانتان