ئیسپانیا ئامادەکاری دهكات بۆ كردنهوهی کونسوڵخانە له ههولێر
باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا لە عێراق دهڵێت:” مەدرید ئامادەیە بۆ برەودانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-09-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پێدرۆ مارتینیز ئەڤیال، باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد.
هیوادارین پەیوەندییەکانی ئیسپانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچونی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دهڵێت:” لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربونی لە باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا کرد و “هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئیسپانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.”
ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کونسوڵخانە ئیسپانیا لە هەولێر بکەنەوە
لەراگەیەنراوەکەدا هاتوە، باڵیۆزی ئیسپانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێناندا. هەروەها لەم کاتەدا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کونسوڵخانە ئیسپانیا لە هەولێر بکەنەوە.