لە سلێمانی بەرنامەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی رەمەزان دیاریکرا

لە شاری سلێمانی بەرنامەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی رەمەزان دیاریکرا و رۆژانە لە کاتژمێر 01:00ـی دواینەوڕۆ تا کاتژمێر 09:00 بەیانی رۆژی دواتر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی ئاداری 2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئاگاداری خاوەن موەلیدەکانی ناو شاری سلێمانی دەکەینەوە کە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا بەرنامەی کارکردنیان بەم شێوەیەیە دەبێت؛ رۆژانە لە کاتژمێر (1)ی پاشنیوەڕۆ تا کاتژمێر (9)ی بەیانی رۆژی دواتر.”

بەگوێرەی هەمان راگەیەندراو، بەرنامەکە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت. 

رۆژی سێشەممە 21ـی ئاداری 2023، زێندین مەولوود، بریکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: “ئەمڕۆ لیژنەی بینینی مانگ لە شار و شارۆچکەکان کۆبوونەوە و به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ شه‌رعییه‌كان و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان، بۆ چاودێریكردنی بینینی مانگ، له‌به‌ر نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی پێویست، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ مانگ له‌ ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بینراوه‌”.

زێندین مەولوود گوتیشی: “بۆیە رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزانە و داوا لە خوای گەورە دەکەین ھێز و توانامان پێ ببەخشێت بۆ ئەوەی بتوانین ئەم مانگە بەخێر و خۆشی بەڕێبکەین”.

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا شێخ ئیبراھیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیرشادی ئاینی لەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، جەختی لەوەکردەوە، تەواوی مزگەوتەکان پابەندی ئەو کاتانەبن کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دیارییکردووە، ھاوکات ئەوەیشی خستەڕوو کە ھەر رێوڕەسمێک لە ھەر مزگەوتێک بەڕێوەبچێت، ئەوا پێویستە پێشتر رەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەرگرتبێت.

هاوکات دیوانی وەفی سوننە لە عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی نەتوانرا مانگ ببیندرێت، بۆیە ئەمڕۆ چوارشەممە تەواوکەری مانگی شەعبان دەبێت و رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.

دڵخوازەكانتان