مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە داوایەک ئاراستەی تیمی وەزاری یەکێتی دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانييان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا هیوایخواست کوردستانیان لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، رۆژانی جەژن و پشوو بەسەرببەن.

مەسرور بارزانی داوای لە هاونیشتیمانیان کرد، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاک و خاوێنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزن. هەروەها پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، جەژنی نەورۆز، هێمای یەکگرتن و یەکڕیزی و سەرکەوتن و ئازادی گەلی کوردستانە.

مەسرور بارزانی لە پەیامەکیدا ئەوەی خستەڕوو، کە لەم بۆنەیەدا، “جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لەپێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانمان”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی: هەر بەم بۆنەیەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی کەشێکی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەمەوە، کە لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی  گشت کێشەکان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بەیەکەوە، کاربکەین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاند، جەژنی نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت و کوردستان هەمیشە لە ئارامی و گەشانەوە و پێشکەوتندا بێت .

دڵخوازەكانتان