پەرلەمانی عێراق ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی دیاری كرد
لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ ڕۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەند کرد.
هەر لە دانیشتنەكەدا، دەنگ لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن درا، بە گوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا دابەش دەکرێت، كە بەم شێوەیەیە: مەسیحی پێنج کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا، هەولێر، دهۆک و نەینەوا.
سابیئەی مەندائی یەک کورسی لە پارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا، ئێزدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەش کراوە، بە یەک بازنە هەڵبژاردن دەكەن، هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان دا، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش دەكرێت.