سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە زۆر بواردا دەتوانن لەگەڵ حکومەتی عێراق بەیەکەوە کاربکەن، دەشڵێت، “ئیرادەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ عێراق هەیە“.
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 40 باڵیۆز و 83 نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی یادەکانی ئادار و نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە چیای کۆڕەک بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای وتارەکەدا، مەسرور بارزانی بۆ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان وتی، “زۆر سوپاس بۆ پەسەندکردنی ئەم بانگهێشتە و هاتنتان بۆ ئێرە. زۆر خۆشحاڵم ئەمشەو میوانداریتان بکەم بۆ ئاهەنگی نەورۆز”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باسی نەورۆز و یادەکانی ئادار، وتی، ” نەورۆز بۆ ئێمە زۆر واتای هەیە و ئەم مانگە پرە لە رووداو هەندێک خۆش و هەندێکیش ناخۆش. نەورۆز، واتە سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا. سەرکەوتنی ئاسنگەرە بەسەر ستەمکاردا. سەرکەوتنی گەلێکی ستەمدیدەیە. نەورۆز دەستپێکێکی نوێیە. ساڵێکی نوێیە. هیوای ساڵێکی خۆشتان بۆ دەخوازم و ساڵی نوێ و نەورۆزتان پیرۆز بێت”.
راشیگەیاند،” خۆشحاڵم دەتوانم بڵێم دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانمان لە حکومەتی فیدراڵی گەیشتووینەتە هەندێک رێککەوتنی سەرەتایی”.
وتیشی، “لە دوایین کۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فێدراڵ رێککەتوین کێشە و جیاوازییەکانمان بگۆرین بۆ دەرفەت زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەین و پلان دابنێین بزانین چۆن بەرەو پێشەوە برۆین و هەماهەنگی بکەین”.
مەسرور بارزانی وتیشی،” زۆر گەشبینم دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ئیتر ئەو کێشانە لەبارەی بووجە یان یاسای هایدرۆکاربۆن و ئاسایش و چەندین بواری دیکە کە دەتوانین پێکەوە کار بکەین و خزمەتی هەموو عێراق بکەین”.
ئاشکرایکرد، “ئێمە لە هەوڵداین بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانە و بەتایبەتی لەم بۆنەیەدا کە دوای دوو رۆژی دیکە ساڵی نوێیە، راگەیەندراوێکم دەبێت و لەو راگەیەندراوەمدا ئاماژە بەوە دەکەم کە پێمان باشە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان”.
جەختیشیکردەوە، “دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین ئەگەر نیەت و خواستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەمان هەبێت، بەدڵنیاییەوە دەتوانم پێتان بڵێم من ئەو نیەت و خواستەم هەیە بۆ چارەسەر هەموو کێشەکان”.