هێمن هەورامی: دەرفەتی کراوە بۆ گفتوگۆی هەڵبژاردن نەماوە و دەبێ ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەرفەتی کراوەمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبەردەستدا نییە و دەبێ ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

هێمن هەورامی باسی لەوەش کرد: ”بەخۆشییەوە گفتوگۆی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەردەوامە و گفتوگۆی تەکنیکیشیان کردووە، بەڵام ئێمە کاتێکی کراوەمان لەبەردەستدا نییە، بۆیە گفتوگۆ بۆ ئەوە نییە درێژە بکێشێ و بڵێین ئەوە ماوەکەی بەسەر چوو، با جارێکی دیکە درێژ بکرێتەوە، من بەڕوونی بە هەموان دەڵێم کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ درێژکردنەوەی جارێکی دیکەی پەرلەمان نین و هەرچییەکی لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە پێویست بێت دەیکەن بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە تەمەنی ئەم خولەی ئێستای درێژ نەکاتەوە و هەڵبژاردنەکان هەر ئەمساڵ بەڕێوە بچن.”

جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوەش کردەوە کە ”تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تا 31/12/2023 درێژ کراوەتەوە و بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبێ لە ماوەی 60 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمان ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری بکرێت، واتا دەبێ لە 31/10/2023 تا 31/12/2023 ڕۆژێک دیاری بکرێت و هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت. بۆیە هیوادارین لەو ماوەیەدا هەم لایەنە سیاسییەکان ڕێک بکەون و هەم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش ڕۆژەکە دیاری بکات.”

هێمن هەورامی دووپاتیشی کردەوە کە ”کاتی کراوە نە لەبەردەستی پەرلەمان و نە لەبەردەستی لایەنە سیاسییەکاندا نییە و دەبێ هەر ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، مەبەست لەوەی کە کراوە نییە، ئەوەیە کە هیچ کەسێک حیساب لەسەر ئەوە نەکات کە دەکرێ جارێکی دیکە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە.”

دڵخوازەكانتان