رابەرێك بانگی ئازادیی دەدا بەگوێی گەلانی جیهاندا
هیوا ئەحمەد
ئەو دەمەی گزنگی خۆری هیوا لە نێشتمانی كورداندا هەڵدێت و شۆڕشێك لەژێر تینی تیشكیدا گەرم دادەگیرسێت و بەستەڵەكی نائومێدی دەشكێنێت، ئیلهامی هەستانەوە دەگاتە دوایین قوشبنی نیشتیمان، ئەوە ڕابەرێكە كە بە بڕنەوەكەی دەستیەوە ئاوازی ڕاپسكین بۆ گەلە چەوساوە كان دەچڕێت، ڕابەرێك شۆڕشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییە و بەرخودانی بۆ چەسپاندنی دادپەروەری.
مەلا مستەفا بارزانی ڕابەری گەورەترین شۆڕشی مێژووی خەڵكی كوردستان، كە وەك سیمبولی هەستانەوە بێوچان تێكوشاوە لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەی، بۆ بەدەستهێنانی خواستە نەتەویی و نیشتمانییەكان.
جەنەراڵی چیاكان لە14ی ئاداری ساڵی 1903 لە بارزان لەدایكبووە و پێنجهەمین كوڕی شێخ محەمەد بارزانییە، هەرزوو كاریزمایی ئەو ڕابەرە دەردەكەوت و بووە سەرمەشقی نەبەردی دژی عەقڵییەتی سڕینەوەی نەتەوەیەك و بەرەنگار بوونەوەی حوكمی زۆرداری، عومقی ئیرادە و بیرمەندیی ڕابەر ڕێگەی نەدا بەرداشی داسەپاوی دابەشكاریی كوردستان ئیرادەی بەرەنگاربوونەوە بهاڕێت، بە حیكمەت و لێهاتویی خۆی چارە نوسی پارچەكانی نیشتیمانی لەتكراوی پێكەوە گرێدایەوە و وەك گەورەئەفسانەی نەتەوە هەرجارەو لە دۆخێكی ناهەمواردا دەبووە فریادەڕەس و پشتوپەنای بزاوتێك لە بەشێكی دیكەی برینداری نیشتماندا.
باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد شۆڕە لاوێك بوو كە لە تەمەنی 16ساڵیدا بە هێزێكی 300كەسییەوە بەهانای شێخ مەحموودی حەفیدەوە هات، لەو كاتەی كە شێخ مەحموود دژی ئینگلیزەكان ڕاپەریبوو، هەرچەندە بەربەستەكان سەخت و ڕێگرییەكان زۆر بوون، بەڵام ئیرادەیەكی پۆڵایین تێكی دەشكاندن و هەڵۆئاسا سنگی لەمپەرەكانی دەبڕی.
بڕوا بەخۆبوون و متمانەی سەركردایتیكردنی هێندە بوو بووە جێی ئومێد، تا لە ساڵی 1920 لەسەر ڕاسپاردەی شێخ ئەحمەد برای، مستەفا بارزانی دەچێتە باكووری كوردستان بۆلای شێخ سەعیدی پیران، تا هەماهەنگیی لەگەڵ بكات و جارێكی دی بە هەمووان بڵێت سنوورە دەستكردەكانتان جەستەی ئەم نیشتمانە لێك دانابڕن و سۆز و وەفای كوردانەمان ناپسێنن.
جارێكی دیكە لە 22 ی كانونی دووەمی ساڵی 1945 دەگاتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ پشتیوانیی كۆماری مهاباد و قازی محمد و بە پایەی هێزی كۆماری كوردستان وەك سەرۆك ئەركانی سوپای كۆمار دەستنیشان دەكرێت، ئەمەش جارێكی دی پەیامی یەك گەل و یەك چارەنووس بە گوێی داگیركەرندا دەداتەوە و بە هەمووان دەڵێت خەو بە لەباربردنی خەونەكانمانەوە مەبینن.
پاش بێبەڵێنیی ڕووسەكان و پشتكردنە كۆمار، بە پیلانێكی نەگریس و نێودەوڵتی ویستان كۆتایی بە ئیرادەی ئم میللەتە بهێنن، بەڵام دوای ئەوەی لە16ی ئابی ساڵی 1946 پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا و مەلا مستەفا بارزانی ڕابەرایەتیی شۆڕشی گرتە ئەستۆ.
پاش كۆتایی هێنان بە كۆماری كوردستان لە 17ی حوزەیرانی ساڵی 1947 بارزانی ویارانی خۆبەدەستەودان و ژێردەستییان ڕەت كردەوە و خۆیان گەیاندە خاكی یەكێتی سۆڤیەت، تا پێیان بڵێن ئەو بێبەڵێنییە چ كارەساتێی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بزانن ئیرادەی ئەم میللەتە لەبن نایەت، رووسەكان دەیانزانی چ ناحەقییەكیان بەرامبە ئەم گەلە ستەمدیدەیە كردووە، بۆیە مانەوەی بارزانی و هاوەڵەكانیان بەلاوە گرنگ بوو، ئیدی لەوێ لە ئەكادیمیای زمانەكان لە مۆسكۆ بارزانی دەستی بە خوێندنی ئابووری و جوگرافیا و زانست و زمانی ڕوسی كرد.
مستەفا بارزانی لە11ی ئەیلولی ساڵی 1961تا ساڵی 1975 بۆماوەی 14 ساڵ ڕابەرایەتیی شۆڕشی ئەیلولی كرد، كە گەورەترین شۆڕشی چەكداری بوو لە مێژووی كوردا دا و شۆڕش سمبولی تیكوشان بوو دژی ژێردەستەیی و، لە جەستە داگیركراوەكەی باشووری نیشتمانەوە هەمووانی لەژێر چەتری یەك هێزدا كۆكردەوە، بە هەموو نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان بە كورد و عەرەب و كلد و ئاشووری و سریانی و، تەواوی ئایین و ئایینزاكانی نیشتمان بە ئیسلام و مەسیحی و كاكەیی و یارسان و زەردشتییەوە، لەم پێناوەشدا هەزاران ڕوڵەی ئەم نیشتمانە بە ئومێدەوە لە پێناو ئامانجە ڕەواكانی شوڕشدا گیانی خۆیان فیدا كرد و بەخوێنی خۆیان سەلماندیان بەرامبەر گەل و شۆڕش و ڕابەرەكەیان وەفادارن.
بەڵام پاش پیلانە شوومە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكەی جەزائیر، كە زۆر لە قەبارەی شۆڕش گەورەتر و فرانتر بوو، توانییان جارێكیتر بۆماوەیەك زەفەر بە خواستەكانی ئەم گەلە ببەن، بەڵام ڕیشەی شۆڕشەكە و ڕەسەنایەتی ئەم ریِبازە شۆڕشی گوڵانی بەدوای خۆیدا هێنایەوە و، سەلماندی كە ئیرادەی گەلی كوردستان و خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر ئەم ڕێبازە پیرۆزە هەر بەردەوامە و دەبێ بگاتە دوا وێزگە، كە كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازادە، ئێستاش خەباتی پارتی و ڕێبازی بارزانی بووەتە ئەكادیمیای پێگەیاندی سەدان ڕۆڵەی دڵسۆز و خەمخۆری كوردستان و بچینەیەك بۆ حكومەت و پەرلەمان و دامەزاروەدەوڵەتدارییەكانی ئەمڕۆ و، هەر وەها دەستەبەری ئازادی و ئاشتی و ئاوەدانی و پارێزەری ئاسایشی نیشتمان و موكوڕبوون لەسەر داوای مافە نەتەوی ونیشتمانییەكان.
باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد و سیمبولی بەخودن مەلا مستەفا بارزانی، لە1ی ئاداری ساڵی 1979 لە تەمەنی 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتنی ئەمەریكا كۆچی دوایی كرد، لە5ی ئاداری هەمان ساڵ لە ناو ئاپۆڕایەكی جەماوەریی بێوێنەدا لە ڕۆژ هەڵاتی كوردستان بە ئامانەت بەخاك سپێردرا و لە6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1993 ڕوفاتی مەلامستەفا بارزانیی نەمر و كاك ئیدریس بارزانی كوڕی، هێنرانەوە هەرێمی كوردستا و لە بارزانی لانكەی شۆڕش و زیدی لەدایكبونیان بەخاك سپێردران.