ڕێورەسمی 13یەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر دەستپێدەكات
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە: “، بەڕێورەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری شەهید خەجەباوە و دیواربەندی شەهیدانی ڕاپەڕین، 13یەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێری پایتەخت دەست پێدەكات و ئێوارەی 20ـی ئاداریش بە هەڵكردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لە پارکی شانەدەر كۆتایی بە فیستیڤاڵەكە دێت”.
ئەوەش خراوەتە روو: “ساڵانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئادار و بەدیاری كراوی لە 11ـی ئادار ڕۆژی ڕزگارکردنی شاری هەولێر، فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەست پێ دەكات، ئەو فیستیڤاڵە دەیان چالاكی جۆرا و جۆری هونەری لە خۆیەوە دەگرێت وەكوو هەڵپەركێ، شانۆ، مۆسیقا، پێشانگا و ماراسۆن و چەندین چالاكی تر”.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئامادەكارییەكانی پارێزگای هەولێر بۆ یاد و بۆنەكانی ئازار و ئەنجامدانی 13یەمین فێستیڤاڵی (ئازادی و نەورۆز) لە هەولێری پایتەخت، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند.
ساڵانە بەهۆی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لەناوخۆی هەرێمی کوردستان و شارەکانی تری عێراق و وڵاتانەوە ڕوو لە پایتەختی کوردستان دەکەن و سوود لەو ساتە خۆشانەوە دەبینن کە لە فێستیڤاڵەكەدا پێشكەش دەكرێن.