چوار ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی مانگی ڕەمەزان زیاد كراوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی زیادبوونی چوار ماددەی بەشەخۆراك و دابەشكردنی خۆراك لە مانگی ڕەمەزاندا ئاشكرا دەكات.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ڕاگەیاند: “ئەو بەشەخۆراكانەی بۆ مانگی ڕەمەزان زیاد كراوە لەنێو مانگی ڕەمەزان لەگەڵ بەشەخۆراكی مانگی سێ دەدرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا، بە بڕیاری حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، چوار ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی مانگی ڕەمەزان زیاد كراوە، نیوكیلۆ ئاردی گەنمەشامی (نیشاستە) و یەك كیلۆ شەعرییە و پێنج كیلۆگرام ئاردی سفر و یەك تەبەق هێلكە بۆ هەر خێزانێك.

نەوزاد شێخ كامیل گوتیشی: “كۆتایی بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی دوو دێت و لەگەڵ دەستپێكی مانگی ڕەمەزاندا بەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی سێ لە كاتی خۆیدا دەدرێت.”

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی جەختیشی كردەوە كە زۆربەی بەشەخۆراكی مانگی سێ هاتووە و لە كۆگاكان هەڵگیراوە.

بەگشتی، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد.

لە ساڵی 2022دا لە هەرێمی كوردستان پێنج بەشەئارد و 11 بەشەخۆراک دابەش كراوە.

دڵخوازەكانتان