كارەبای سلێمانی: لە ماوەی 15 ڕۆژدا پێوەری زیرەك نەبەستن كارەباكانتان دەبڕین

كارەبای سلێمانی هۆشداری دەداتە ئەو دووكانانەی پێوەری زیرەكیان نەبەستووە و جەخت دەکاتەوە، ئەگەر لە ماوەی 15 ڕۆژدا پێوەری زیرەك نەبەستن كارەباكەیان دەبڕدرێ.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی 3ی 2022 لە ڕاگەیاندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بڵاوی كردەوە: “ئاگاداری سەرجەم ئەو خاوەن دووكانانەی ناو سەنتەری شاری سلێمانی، بەتایبەتی ناو بازاڕی سلێمانی دەكەینەوە كە پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوه و هاوبەشیان نییه، بە زووترین كات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای ڕۆژهەڵات بەشی فرۆشتنی وزە بكەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی مامەڵەی هاوبەشیكردنی كارەبای نیشتمانی بە شێوەی فەرمی.”

کارەبای سلێمانی هۆشداری لە بڕینی كارەبای ئەو دووكاندارانە دەدات ئاشکرای کردووە: “بەپێچەوانەوه له دوای 15 ڕۆژ له بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگادارییه كارەباكانیان دەبڕدرێت و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت.”

ئەوەش هاتووە: “بەپێی ئەو پلانەی داندراوە لە داهاتوویەكی نزیكدا كارەباكانیان دەكرێت بە پریپەید.”

ئەندازیار عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەك لە وەزارەتی كارەبا، ڕاگەیاند: “لە تەواوی هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 350 هەزار پێوەری زیرەك بەستراون و پڕۆسەكەش بەردەوامە.”

دڵخوازەكانتان