مەسرور بارزانی: دژی هەرجۆرە پێشێلکارییەکین بەرامبەر بە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پێکدادان و شەڕی پەکەکەوە زیاتر لە 800 گوندی هەرێمی کوردستان خاپوور بوون و نەمانتوانیووە دەستی ئاوەدانیان بۆ ببەین.

سەبارەت بە هێرشی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لەوەکرد، ئەوان هەمیشە گوتوویانە کە دژی هەرجۆرە پێشێلکارییەکن بەرامبەر بە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەر لایەنێکەوە بکرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لێرەدا جیاوازییەک هەیە لەو کردەوانە و ئەو پەرچە کردارانەی دەکرێن، چونکە ئەوان پێیان خۆش نییە ناوچەکەیان بۆ ناسەقامگیریکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت، گوتیشی: هەمان داواکاریشمان لە وڵاتانی دراوسێ هەیە، کە ئەوانیش بە هیچ جۆرێک دەست لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق وەرنەدەن و بەشێک نەبن لە ناسەقامگیری، بەڵکو هاوکاربن بۆئەوەی ئێمەش زیاتر بتوانین هاوکاری سەقامگیری ناوچەکە بکەین.

مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، کە لەنێوان تورکیا و پەکەکە کێشەیەکی مەودا درێژ هەیە، گوتیشی: پەکەکە وایکردووە تورکیا بەردەوام بێت لەمجۆرە هێرشانە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تورکیا زیاتر ئامانجی پەکەکەیە کە بەداخەوە هاتووەنەتە سنووری هەرێمی کوردستان و بوونەتە هۆی ناسەقامگیری.

مەسرور بارزانی هیواشیخواست رۆژێک لە رۆژان کێشەی کورد چارەسەر بکرێت و چیتر پەکەکە نەتوانێت بەناوی کوردەوە دەستێوەردان لە سەقامگیری ناوچەکەدا بکات.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگیاند، بەهۆی پێکدادان و شەڕی پەکەکەوە زیاتر لە 800 گوندی ئێمە خاپوور بوون و نەمانتوانیووە دەستی ئاوەدانیان بۆ ببەین. گوتیشی: بێگومان هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە ئەم شەڕە بەرەو کۆتایی بڕوات تا بتوانین خەڵکی خۆمان بەرەو ئەو ناوچانەش بگوازینەوە”.

سەبارەت بەو هێرشی درۆنی و مووشەکی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی باسی لەوەکرد، “ئێمە لە کە لەکاتی خۆیدا هەڵوێستی خۆمان راگەیاند و بەردەوامیشین لە ئیدانەکردنی ئەمجۆرە هێرشانە”

دڵخوازەكانتان