مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان دەخەنەڕوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/3/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەولێر کۆبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

لەسەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: “خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بە دیداری یەکتر گەیشتین و ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد، من لە سەرەتاوە دەمەوێت لە دڵەوە سوپاستان بکەم، لە بەرامبەر کۆمەک و هاوکاریتان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا، یەکێک لەو دراوسێیانەی لە بارودۆخێکی ئەمنی تونددا هاوکاری تورکیای کرد لەسەر ئاستی جیهان هەرێمی کوردستان بوو، ئەمەش دەنگدانەوەی هەبوو. هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە کە لە ترسی داعش رایانکرد لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین، هاوکات سەدان هەزار هاووڵاتی سووری کە لەدەست شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان رایان کردووە ئێرە بووەتە پەناگەیان، بۆ ئەم کارە گەورە رێز و پێزانینی زۆرمان بۆ ئێوە هەیە”.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، گوتیشی: “لە ساڵی 2014ـەوە ئێمە نزیکەی 800 ملیۆن یۆرۆمان لە ئەڵمانیاوە بۆ ئێرە تەرخان کردووە، دەمانەوێت رۆڵی خۆمان لە هەرێمی کوردستان درێژە پێبدەین.

راشیگەیاند: “بەشێک لەو کەسانەی هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیان خەڵکی ئێزدین، بیستمان کە کەمپی ئاوارەکان دادەخرێن، بە بڕوای ئێمە دەبێ ئەوە بە پلانێکی ورد جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ژن و منداڵان ئاوارە نەبن و لە شوێنێکی نائارام دا ژیان بەسەر نەبەن. ماوەیەک لەمەوبەریش تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند”.

  ئانالێنا بێربوک، راشیگەیاند: هێشتا مەترسییەکانی داعش بەردەوامن، ئێمەش پشتیوانی خۆمان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بۆ ئێوە دووپات دەکەینەوە و مەشق و را‌هێنانی هێزەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ پێشمەرگە لێرە بەردەوامە، لە حەوت ساڵی رابردوو ئەڵمانیا 50 ملیۆن یۆرۆی تەرخان کردووە”.

ئاماژەی بەوەشدا: “هەولێر ناوەندێکی گرنگی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی کولتووری ئەڵمانیا – عێراقییە، پەیمانگەی گۆتە DAAD  لێرە نوێنەرایەتیان هەیە و لە حەوت قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان زمانی ئەڵمانی دەخوێندرێت، چەند هەفتەیەکی لەمەوبەریش بەردی بناغەی ئینستیوتی کولتووری ئەڵمانی – فەرەنسی لێرە دانراوە، ئەم ئاڵوگۆڕەش پەیوەندییەکانمان بەرەو پێش دەبەن”.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، گوتی: “هەماهەنگی لەنێوان هەموو بەشەکانی عێراق گرنگە بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و بەغدا، بۆیە ئێمە کاتێک پڕۆژەمان لێرە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوە”.

دڵخوازەكانتان