“سەرۆک بارزانی ساڵێک بەر لە راپەڕین لایەنەکانی ئاگادار کردبووەوە”

ئەمڕۆ ٣٢ ساڵ بەسەر راپەڕینی خەڵکی کوردستاندا تێدەپەڕێت و نووسەرێکیش ئاشکرای کرد، سەرۆک بارزانی ساڵێک بەر لە ئەنجامدانی راپەڕین ئاگاداری ھەموو لایەنەکانی کردبووەوە. دەشڵێ، ناوچەی راپەڕین بە خوێنی ٢٥ شەھید لە بەعس پاک کرایەوە.

عومەر ھەمزە، نووسەر و ئاگادار لە رووداوەکانی راپەڕین، راگەیاند: “لە ئاداری ساڵی ١٩٩٠ بۆ یەکەم جار لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە ئاماژە بە راپەڕینی گەلی کوردستان دراوە و چەندین نامەی بۆ خەڵکی دیار و پیاوانی کۆمەڵایەتی ناردووە و بە ھەموو لایەنەکان و بەرەی کوردستانیی راگەیاندبوو ھەریەکەو لای خۆیەوە پەیام بنێرێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعس، ئەوەی لە ٥ی ئادار رووی دا، پێشتر ئامادەکاریی بۆ کرابوو، ئەوکات مام جەلال لە دەرەوە بوو و سەرۆک بارزانی سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، واتە سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی پلانی راپەڕینی دەکرد لە ناوچەی ناوزەنگ”.

ئەو نووسەرەی دەڤەری راپەڕین دەشڵێت: “سەرەتا پلانەکە ئەوە بوو لە ٧ی ئادار لە شاری سلێمانییەوە دەست بە راپەڕین بکرێت، بەڵام ٤ی ئادار لە قەزای خەبات جووڵە دەستی پێکرد و لەنێو بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسیش ئاماژە بە راپەڕینی قەزای خەبات کراوە و دوو شەھیدیش ھەبوون، یەکێک لە شەھیدەکان دیبەگەیی و ئەوی دیکەیان خەڵکی لای قەڵادزێ و راپەڕین بوو، ھەر ئەوەش وای کرد لە رۆژی ٥ی ئادار جەماوەری راپەڕین دەست بە راپەڕین بکات و ئیدی لەگەڵ راپەڕینی جەماوەر یەکەم مەفرەزەی پێشمەرگەش ھاتە نێو شارەوە”.

عومەر ھەمزە روونیشی کردەوە: “رۆژی ١١ی ئادار سەرۆک بارزانی لە رێگەی رانیەوە ھاتە ناوچە ئازادکراوەکان و یەکەم دیداری لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دا، لە ناوچەکانی راپەڕین ھێزەکانی بەعس رووبەڕووی راپەڕینی جەماوەر و پێشمەرگەی کوردستان بوونەوە و ناوچەی راپەڕین بە خوێنی ٢٥ شەھید ئازاد کرا، کە یەکێک لە شەھیدەکان ئافرەتێک بوو بە ناوی گوڵەباخ”.

دڵخوازەكانتان