هەر کاتێک وادەی هەڵبژاردن دیاری کرا ئێمەش وادەیەک دیاری دەکەین

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی – هەڵەبجە – راپەڕین رایگەیاند، بڕیارە کۆنفڕانسی ناوخۆیی حیزب ئەنجام بدرێت و چاوەڕێ دەکرێت کاتی هەڵبژاردن دیاری بکرێت، کە دواتر کاتی ئەنجامدانی کۆنفڕانسیش دەستنیشان دەکرێت. دەشڵێ، گۆڕانکاری لە مەکتەبی رێکخستنەکاندا دەکرێت و بەشەکانی بۆ نیوەی ئێستا کەم دەکرێنەوە.

عەلی حوسێن، گوتی: “پێویستە کۆنفڕانسی ناوخۆیی پارتی لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرە بکرێت، بەڵام دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئێستا، کە بزانین هەڵبژاردن کەی دەکرێت، بۆیە هەر کاتێک وادەی هەڵبژاردن دیاری کرا، ئەوکات ئێمەش وادەیەک بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانسەکان دیاری دەکەین”.

عەلی حوسێن گوتیشی: “پێویسته‌ گۆڕانکاری لەناو مەکتەبی رێکخستن بکەین، چونکە پێشتر ئەنجومەنی سەرکردایەتی بوو و هەشت تا نۆ  بەشی هەبوو، بەڵام ئێستا کەم دەکرێنەوە بۆ چوار بەش، ئەندامانی مەکتەبی رێکخستنیش وەکو خۆیان دەمێنن و تەنیا بەشەکان کەم دەکرێنەوە، کە لە کۆنفڕانسەکاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت”.

حوسێن باسی لەوەش کرد، ئەو بەشانەی دەمێننەوە، بریتین لە بەشەکانی رێکخستن، دارایی، هەڵبژاردن و پەیوەندییەکان.

دڵخوازەكانتان