نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان 15 هه‌زار بۆ 16 هه‌زار دینار دەبێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، مانگی ڕابردوو به‌ تێكڕایی مۆلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان 260 بۆ 280 كاتژمێر كاریان كردووە و نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدە بە 57 دینار دیاری كرا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى، ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: “ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆ بووه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی نرخی گازوایل، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدە بە 57 دینار دیاری كرا.”

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، به‌ تێكڕایی مۆلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان 260 بۆ 280 كاتژمێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان 15 هه‌زار بۆ 16 هه‌زار دینار دەبێت، نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە، به‌و پێیه‌ی به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ بۆ مۆلیده‌كان دانراوه‌ و كاتژمێری كاركردنیان تۆمار ده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌باى سلێمانى باسى له‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌و مۆلیدانەى کە بەرنامەى کارکردنیان لە کاتژمێر 7ى بەیانى بۆ 1ی شەو بووە، نرخى ئەمپێریان لە نێوان 19 هه‌زار بۆ 20 هه‌زار دیناره‌.

دڵخوازەكانتان