د. سالار عوسمان: ماڵپەڕی KDP ڕاستگۆیانە خەسڵەتی پارتیی هەڵگرتووە

لە ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، یەکێکە لە ماڵپەڕە ڕاستگۆکان، کە خەسڵەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی هەڵگرتووە، هەم لە ڕاستگۆیی، هەم لە خاوەندارێتیی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هەم لە گەیاندنی ئەو زانیارییانەی هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی.

دکتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پیرۆزبایی لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین بۆ ساڵانی کارکردنی و هەوڵ و ماندووبوونەکانی بەرز دەنرخێنین، پێموایە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێکە لە ماڵپەڕە ڕاستگۆکان کە خەسڵەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی هەڵگرتووە، هەم لە ڕاستگۆیی، هەم لە خاوەندارێتیی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هەم لە گەیاندنی ئەو زانیارییانەی کە کوردستان پێویستی پێیەتی، کە هاووڵاتیانی کوردستان سوودی لێ وەردەگرن، واتا لە چەند ڕەهەندێکەوە دەتوانین ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبسەنگێنین، یەکێک لەمانە خاوەندارێتیی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانە، کە رەنگدانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دووهەم خەسڵەتی ئەم ماڵپەڕە بریتییە لە ڕاستگۆیی کار، پارتی هەمیشە ڕاگەیاندنەکەی پێی ناسراوە ماڵپەڕیش بەشێکە لەم ڕاگەیاندنە، سێهەم خەسڵەتی ئەم ماڵپەڕە ئەوەیە دەیەوێ زانیاریی بەسوود بۆ کوردستان و بۆ هاووڵاتیان و خوێنەرانی ئەم ماڵپەڕە بگوازێتەوە، چونکە لە بابەتی زانیاری و بابەتی هەواڵ، دەبێت ئەم ڕاستییە بزانین کە بەشێک لە هەواڵ و زانیاری لەوانەیە سوودی نەبێت بۆ کوردستان و دڕدۆنگی و ناکۆکی و گرفتی کۆمەڵایەتی دروست بکات، بۆیە ماڵپەڕ وەکو بەشەکانی تری ڕاگەیاندنی پارتی بە بەرپرسیارەتیی کۆمەڵایەتییەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاری دەکات.”

دکتۆر سالار: مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاری بەو ئاراستەیەی کە چی باشە بۆ کۆمەڵگای کوردی، لە هەمووش گرنگتر لە نێو تاعوونی ئەوە نییە زۆرترین خوێنەر کۆبکاتەوە لەسەر حیسابی بەرپرسیارەتیی کۆمەڵایەتی، هەروەها لەنێو عوقدەی ئەوەش نییە کە هەر لە پێناو ورووژاندن، مرۆڤەکان و کۆمەڵگا بریندار بکات، پێکهاتە سیاسییەکان بریندار بکات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکبدات، ئەم خەسڵەتانەی باسیان دەکەم، هەر خەسڵەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی نییە، بەڵکوو خەسڵەتی گشت ڕاگەیاندنەکانی کوردستانە کە بە درێژایی مێژوو پێی ناسراوەتەوە، ئەم خەسڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆ خەسڵەتی پارتی و خەسڵەتی ڕێبازی بارزانی، کە خۆی لە بەها گەورە و چەمکە گەورەکاندا دەبینێتەوە”.

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دەشڵێ: “هیوای کاری باشتر بۆ تەواوی ئەو خۆشەویست و کارمەندە بەڕێزانەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازین.”

دڵخوازەكانتان