یەختێکی كۆچبه‌ران لە کاناراوەکانی ئیتاڵیا نقوم بوو

له‌ كاناراوه‌کانی ناوچەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا، یەختێکی كۆچبه‌ران نقوم بووه‌، کە بەهۆیەوە لانیكه‌م 30 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ( 26ی شوباتی 2023)، له ‌نزیك كه‌ناره‌وه‌كانی شاری كرۆتۆن له‌ ناوچه‌ی كالابریا له‌ باشووری ئیتاڵیا به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران نقووم بووه‌.

ئاماژە بەوەشدرا، لانیكه‌م 30 كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

میدیاکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن، لەسەر یەختەکە 150 بۆ 250 کۆچبەر هەبوون و تا ئێستا نزیکەی 40 کەسیان رزگارکراون.

هاوكات ئاژانسی  “ئەنسا”ی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ژمارەی گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و كۆچه‌به‌رانه‌ی له ‌یەختەکە نقوم بوون دەگاتە ‌30 كه‌س، ئاماژەی بەوەشدا، کە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان به‌دوای كۆچبه‌ره‌كان هێشتا بەردەوامه‌، بەڵام شەپۆلە ئاوییه‌كان رێگرن لە کاری تیمەکانی فریاگوزاری.

ئاژانسی هەواڵی “AGI”ـی ئیتاڵیش لە زاری ئەندامێکی تیمەکانی فریاگوزاریەوە رایگەیاند، شەپۆلە بەهێزەکانی دەریا یەختەکەیان کردووە بە دوو بەشەوە و لەنێو قوربانییەکانیشدا منداڵێكی ساوا هەیە.

ئەم کارەساتە دوای چەند رۆژێک دێت لە پەسەندکردنی رێسا نوێیەکانی پەرلەمانی ئیتاڵیا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست.

ئامانجی رێسا نوێیەکان کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە دەبرێنە بەندەرەکان بە داواکردن لە رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ ئەنجامدانی یەک ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لەکاتی گەشتێکی دەریاییدا.

دڵخوازەكانتان