٣٥ ساڵ بەسەر یەکەم قۆناغی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت

ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ یەکەم قۆناغی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە بەڕێوە چوو، تێیدا ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی بەر شالاوی ئەنفال کەوتن و زیاتر لە چوار ھەزار و ٦٠٠ گوندیش خاپوور کران، بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بەردەستی لایەنە پەیوەندارەکانی ڕژێم لە دوای قۆناغی ئەنفال لە بادینان چەکی قەدەغەکراوی لەدژی ھاووڵاتییانی سڤیل بەکار ھێنابوو.

ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ بە ھەشت قۆناغ بەڕێوە چوو، ئەنفالی یەک لە دۆڵی جافایەتی لە ٢٣ی شوبات دەستی پێ کرد و ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و بە ھەشت قۆناغ ھێزەکانی عێراق بە جورەھا شێوە کەوتنە دەستگیرکردن و ڕاگواستنی ھاووڵاتییانی سڤیل و سەرئەمجام نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل جینۆساید کران، کە ھێشتا ڕووفاتی زۆرینەیان نەدۆزراوەتەوە.

دواقۆناغی ئەنفالی ١٩٨٨ ئەنفالی بادینان بوو کە ناوی نرابوو ئەنفالی ڕەش و بەپێی بەڵگەکان ڕژێم چەکی قەدەغەکراوی بەرامبەر ھاووڵاتییانی سڤیل بەکار ھێنا و نزیکەی پێنج ھەزار ھاووڵاتی بوونە قوربانی و بەشێکی دیکەشیان بەرە و باکووری کوردستان ئاوارە بوون.

ڕژێمی بەعس بە شێوەیەک پرۆسەکەی بەڕێوە برد تەنانەت جگە لە کورد پێکھاتەکانیش بەر شالاوی بەدناوی ئەنفال کەوتن و بە جارێک کوردستان کەوتە بەر زەبر و ھێزی دڕەندەی بەعسی لەناوچوو، بەپێی یاسا ئەرکی حکوومەتی عێراقە زیانلێکەوتووانی ئەنفال قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئەرکی یاساییی خۆی بەرامبەر قوربانیانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە.”

دڵخوازەكانتان