مه‌سرور بارزانى: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن نییه و دەبێت لەم ساڵەدا بکرێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا كرد و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمى كوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.

تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی هەڵبژاردن دوا بخرێت و دەبێت لەم ساڵەدا بکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەموو ئاسانکاری و ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات.

دڵخوازەكانتان