سەرۆک بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای حزبی شیوعیی چین كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆك بارزانی له‌ پیرمام پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای حزبی شیوعی چین كر و میکانیزمی گونجاو بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەردوولا تاوتوێ كرا.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 13ی2ی2023، لە سه‌ڵاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای حزبی شیوعیی چین کرد، کە پێکھاتبوو لە سەرۆکی شاندەکە، جوو ڕوی یاریدەدەری وەزیر لە بەشی نێودەوڵەتیی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی چین و چوو وەی، باڵوێزی چین لە عێراق و لیو زین یونگ، کونسوڵی چین لە شاری ھەولێر و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکاری حزبی شیوعیی چین.

لە دیدارەکەدا بەڕێز جوو ڕوی سەرۆکی شاندەکە کورتەیەکی لە سیاسەت و جیھانبینی حزبی شیوعی چین لە دوای کۆنگرەی بیستەمی ئەو حیزبە لەمەڕ بابەتە جیھانی و ھەرێمایەتییەکان و ھەروەھا بارودۆخ و پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی وڵاتی چین بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو. ئاماژەشی بە خاڵ و چەمکە ھاوبەشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی چین دا و داواشی کرد کە پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا پەرە بستێنێت بە تایبەت لە گۆڕینەوەی ئەزموون و شارەزایی لە بواری ئیداری و حوکمڕانی و بازرگانی و ئابووری.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان پارتی و حزبی شیوعیی چین جەختی لەوە کردەوە کە پارتی و حیزبی شیوعیی چین بە رەسەنایەتی و بەھێزیی جەماوەریی خۆیان توانیویانە لە ڕێگەی خەباتی خۆیاندا بەسەر کۆسپ و تەحەدیاتی گەورە سەربکەون.

سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی چین راگەیاند و ھیواشی خواست پارتی و حزبی شیوعی چین میکانیزمی گونجاو بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەردوولا دابنێن

دڵخوازەكانتان