دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی پێداچوونەوە بە مەلەفی نەوت و غاز دەکرێت

پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای کرد، سەردانی شاندی دانوستانکاری ھەرێم بۆ بەغدا دانوستان لەبارەی سێ پرسی گرینگ دەکرێت و دەشڵێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بۆ نەھێشتنی کێشەی نێوان ھەرێم و دادگای فیدراڵی پێداچوونەوە بە مەلەفی نەوت و غاز دەکات.

کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: “مەبەست لە سەردانی دوێنێی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بەردەوامیی دانوستانە لەسەر ژمارەیەک پرس، بەتایبەتی دانوستان لەسەر سێ پرسی گرینگ دەکرێت، ئەوانیش نەوت و غاز و بودجە و ماددەی 140ی دەستووری عێراق، پێشتریش لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوولا بەڕێوە چوو.”

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: “حەفتەی رابردوو ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی سەردانی سەرۆککۆماری عێراقمان کرد و لە سەردانەکەماندا داوامان لە سەرۆککۆماری عێراق کرد ھاوکار بێت لە گەیاندنی پڕۆژە بۆ ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە بێبەشن لە ئەنجامدانی پڕۆژە.”

کاڤین شێخ سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “دوای پەیامی سەرۆک بارزانی لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەدژی ھەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەرێم و دادگای فیدراڵی جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە پڕۆژەی نەوت و غاز دەکرێت.”

دڵخوازەكانتان