سوودانی: لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی شێوەی ئیدارەدانی نەوت ڕێككەوتووین

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی شێوەی ئیدارەدانی دۆسیە نەوت و تەرخانكردنی بڕە پارەی پێویست لە یاسای بودجە ڕێككەوتوون.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الاوست)ی سعوودی رای گەیاند، نەخشەڕێگایەكمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر داناوە كە بە خەرجكردنی پارە بە یاساكانی پێشووی بودجە دەستی پێ كردووە، بەڵام ڕووبەڕووی بڕیاری دادگای فیدرالی بووینەتەوە، بۆیە پەنامان بۆ ڕێوشوێنی دیكە بردووە لە چوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتەكانمان. 

ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”ئێمە لە سەروبەندی پێشكەشكردنی یاسای بودجەین، گەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی شێوەی ئیدارەدانی نەوت و تەرخانكردنی پارە لە یاسای بودجەدا، پاش بڕیاردان لە بودجە، كار لەسەر دەركردنی یاسای نەوت و غاز دەكەین، ئەوەش دەبێتە گرنگترین دەستكەوتەكان لەو كاتەوەی دەستوور لە 2003 نووسراوەتەوە، چونكە هەر هەرێمی كوردستان چاوەڕێی یاسای نەوت و غاز ناكات، بەڵكوو هەموو پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە، دەیانەوێ دەسەڵاتەكانیان بزانن.“ 

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەهۆی كێشەكانی تایبەت بە نەوت، وا هاتۆتە بەرچاو كە تەنیا نەوت كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی چارەسەر دەكات، بۆیە ئێمە بەرەو دەركردنی یاسای نەوت و غاز دەڕۆین، كێشەكانی دیكە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكان و ڕێوشوێنەكان، لەژێر كۆنتڕۆڵ دان.

دڵخوازەكانتان