نرخی نەوت بۆ دووەمین رۆژ و لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە 

رۆژی سێشەممە 7-2-2023، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 40 سەنت بەرزبووە و بە 81 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 43 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

 دوای بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا کارەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان راگیرا کە یەکێکە لە ناوەندە گرینگەکانی ناردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان و رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیلی لێوە هەناردە دەکرێت.

 کۆمپانیای بەڕێوەبەری بۆرییەکانی تورکیا ناسراو بە “بۆتاش” رایگەیاندووە، لە دوێنێ دووشەممەوە هەناردەکردنی نەوتی ئازەربایجان لە بەندەری جەیهان راگیراوە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی لە رێگەی بۆری کوردستان- جەیهان راگرتووە.

 داخستنی بەندەری جەیهان تاوەکو رۆژی چوارشەممەش بەردەوام دەبێت. جگە لە داخرانی بەندەری جەیهان، داخرانی کێڵگەیەکی نەوتی گەورە لە دەریای باکووریش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت .

دڵخوازەكانتان