ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتیی عێراق 24 ملیۆن و 29 ھەزار و927 کەسە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە بەپێی ئەوەی لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمارکراوە، ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتیی لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە، گەیشتووەتە ٢٤ ملیۆن و ٢٩ ھەزار و ٩٢٧ دەنگدەر.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجوومەنی کۆمسیاران ژمارەی کۆتایی ناوەند و بنکەکانی دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە پەسەندکردووە کە ژمارەیان هەشت ھەزار و ٢٧٣ ناوەند و ٥٥ ھەزار و ٤١ بنکەی دەنگدانە و ھاتووە:

“بەپێی ئەوەی لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمارکراوە، ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتیی، گەیشتووەتە ٢٤ ملیۆن و ٢٩ ھەزار و ٩٢٧ دەنگدەر لەو ژمارەیە ٩٨٨ ھەزار و ٤٣٥یان لە دایکبووی ساڵانی ٢٠٠١، ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣”.

باس لەوەشکراوە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان ھەیە گەیشتووەتە ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ کەس و ئەوەیش خراوەتەڕوو ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت کە لە بایۆمەتری تۆمارکراون گەیشتووەتە، یەک ملیۆن و ٧٩ ھەزار و ٢٨٨ دەنگدەر.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەکۆی دەنگ رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی کە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و بە دەست، ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و گشتیی رابگەیەنرێت و ھاتووە:

“ئەگەر ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگدان بە ئەلیکترۆنی جیاوازییەکەیان بەڕێژەی پێنج لەسەدای کۆی گشتی دەنگەکان زیاتر بێت، ئەوا جارێکی دیکە جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و بە دەست لە ناوەندەکانی دەنگدان، ئەنجام دەدرێتەوە” .

باس لەوەشکراوە کە ماوەی کشانەوەی کاندیدان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە، کۆتایی ھاتووە ئەوەیش دوای ئەوەی لە ١٣ تا ٢٠ی ئەم مانگە دیاریکرابوو و ھاتووە:

“لەئێستادا، ئەنجوومەنی کۆمسیاران ھەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکان دەکات بە ئامانجی ئەوەی بزانرێت داواکارییەکان تا چەند لەگەڵ مەرج و رێنماکان گونجاون کە ژمارەیان ١٠٣ داواکارییە و لە کاتی ئەوەی داوکاری ھەر کاندیدێک بۆ کشانەوە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە پەسەند بکرێت، ئەوا کاندیدە کشاوەکە ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە”.

بەپێی راگەیەنراوەکە، ژمارەیەک کاندیدی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە پشت بەستن بە بڕیاری لایەنەکانی لێکۆڵینەوە دوورخراوەنەتەوە و ھاتووە:

“پێنج کاندید پشت بەستن بە بڕیاری دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی، پێنج کاندید بەھۆی پەسەندنەکردنی بڕوانامەی خوێندن لەلایەن وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ١٧ کاندید بەھۆی پێشکەش نەکردنی بەڵگەنامەی خوێندن و پێنج کاندید بەھۆی ئەوەی سەربە وەزارەتی بەرگریی بوون، هەروەها ٤٠ کاندیدی دیکە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەڵگەی تاوان، دووخراونەتەوە”.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە کاندیدە دووخراوەکان پشت بەستن بە ماددەی ٢٠/ یەکەم لە یاسای کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ژمارە ٣١ بۆ ساڵی ٢٠١٩، دەتوانن لە بەردەم دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکان تانە لە بڕیاری دوورخستنەوەیان بدەن.

چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

دڵخوازەكانتان