لە مێردین هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان

لە سنووری پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان هێرشی چەکداری کرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان.

لەو هێرشەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندارە.

ئەو هێرشە درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی ئارتوکلوو- نسێبین، لە پارێزگای مێردین بووە و ئەو ئۆتۆمبێلەی هێرشی کراوەتە تابلۆکەی دهۆکە.

شایەتحاڵێک کە یەکەم کەس بووە گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، لەکاتی تێپەڕبوونی بەو رێگایەدا بینویەتی کە ئۆتۆمبێلێک وەستاوە، کە لێی نزیکبووەتەوە دەرگاکانی کراونەتەوە و چەند کەسێک لەسەر زەوی کەوتوون، پاشان کە زانیویەتی شوێنەواری گولـلە و خوێن بە جەستەیانەوە دیارە تەلەفۆنی بۆ فریاکەوتن کردووە و بە ئەمبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەی نسێبین-یان کردون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکە فیشەک بە سەری کەوتووە و خوێنی لێدەهاتە خوارەوە.

راشیگەیاند، ئۆتۆمبێلی ئەو گەشتیارانە لە رێگای چوون بوو بەرەو باکووری کوردستان.

هاوكات عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەبارەی ‌هێرشەكەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، وێڕای سەرکۆنە کردنی ئەو هێرشە چەکدارییە داوای کرد بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت.

دڵخوازەكانتان