ساڵی رابردوو بایی زیاتر لە 115 ملیار دۆلار نەوت هەناردە کراوە
وەزیرى نەوتى عێراق ئاشکرای دەکات کە لە ساڵى 2022دا، بە بەهاى زیاتر لە 115 ملیار دۆلار نەوت هەناردە کراوە. بڕى نەوتى هەناردەکراو لەو ساڵەدا زیاتر لە یەک ملیار و 209 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە گوێرەى ئامارە بەراییەکان لە ساڵى رابردوودا بە بەهاى زیاتر لە 115 ملیار دۆلار نەوت هەناردە کراوە و بڕى نەوتى هەناردەکراو گەیشتووەتە یەک ملیار و 209 ملیۆن بەرمیل. رۆژانە بە تێکڕا سێ ملیۆن و 320 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
وەزیرى نەوتى عێراق کە هاوکات جێگرى سەرۆکوەزیرانە بۆ کاروبارى وزە، ئاماژەى بەوەداوە پرسەکانى هەناردەى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى فرە نەتەوە بووە لەوانە چینى، هیندى، تورکی، کۆری، یۆنانی، ئەمریکى، بەریتانی، فەرەنسى، رووسی، ئیتاڵى، ئیسپانى و هۆڵەندى، ئەوە جگە لە چەند کۆمپانیایەکی دیکەى عەرەبی.
ئەوە لەکاتێکدایە تێکڕاى هەناردەى نەوتى عێراق لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو، 103 ملیۆن و 281 هەزار و 459 بەرمیل بووە کە دوو
ملیۆن و 223 هەزار و 338 هەزار بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکەوە بووە و لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردەکراوە.
بەگوێرەى ئەو ئامارە تێکڕاى نرخى یەک بەرمیل نەوت لەو مانگەدا 73.6 دۆلار بووە و داهاتەکەشى 7.6 ملیار دۆلار بووە.