پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی کوشتن ڕاگەیاند

پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 02ـی 01ـی 2023 دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی کوشتن ڕاگەیاند، کە لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی دیالە داواکراوبوون.

لە ڕاگەیەنراوێک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: مەفرەزەكانی نووسینگه‌ی‌ كوشتن ‌و نووسینگه‌ی‌ ناوبازاڕی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان دوو تۆمەتباریان دەستگیر كرد كە لەسەر دۆسیەی كوشتن‌ و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 406 لەلایەن دادگەی لێكۆڵینەوەی پارێزگای‌ دیاله‌وه‌ داواكراوبوون.

ڕاشیگەیاند: دوای ئەوەی فەرمانی ده‌ستگیركردنی‌ دوو تۆمه‌تبار لەلایەن دادگەی لێكۆڵینەوەی پارێزگای‌ دیاله‌وه‌ گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕاسپێردران كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی هەردوو تۆمەتبار بکەن.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە پاش كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری ‌‌و ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینەوەی‌ پێویست، توانرا هه‌ردوو تۆمه‌تبار لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگه‌ی‌ كوشتن‌ و نووسینگه‌ی‌ ناوبازاڕی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ دەستگیر بكرێن.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا هه‌ردوو تۆمەتبار (ئـ. س. ع. – د. ک. ع) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون ‌و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان ڕەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێنەوە.

دڵخوازەكانتان