قەبارەی هەناردەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی 672 ملیۆن دۆلار بووە
لە ساڵی 2022 هەناردەكردنی لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی 2021 بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت زیاتریش بەرزببێتەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: قەبارەی هەناردەكردن لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 672 ملیۆن و 767 هەزار دۆلار و قەبارەی هاوردەش 15 ملیار و 403 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەوەشی راگەیاند: لە ساڵی 2022 وەزارەتی بازرگانی پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردنی شتومەك و 168 مۆڵەتی هەناردەی بۆ كاڵای جۆراوجۆری كشتوكاڵی و پیشەسازی داوە. یەكێك لەو كاڵایانەی هاوردە كراوە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، هێنانی ئۆتۆمبێلە؛ لە ساڵی رابردوودا 105 هەزار و 126 ئۆتۆمبێل هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان كراون.
ئەو كاڵا سەرەكییانەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی رابردوو هەناردەی كردوون بریتین لە: كانزا، هەنار، دۆشاوی تەماتە، تەحین، سماق، دۆشاوی جۆراوجۆر، جووجەڵە، یەدەگی ئۆتۆمبێلی تێكشكاو.
جگە لە پرسی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، چاودێریكردنی بازرگانیی ناوخۆ یەكێك بووە لە كارەكانی بەڕیوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی.
ماردین ئەبوبەكر حوسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەوبارەیەوە رایگەیاند: لە میانی چاودێرییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ساڵی رابردوودا، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك و تەندروستیی هاووڵاتیان، 448 هەزار كیلۆ كاڵای ماوەبەسەرچوو لەناوبراون. هەروەها 1809 سەرپێچیی بازرگانی هەبوونە، ئەوەش 281 داخستن و سزای دارایی 329 ملیۆن و 322 هەزار دیناری لێ كەوتووەتەوە.
یەكێك لە ستراتیژە ئابوورییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردنەوەی رێژەی هەناردە و بەرزركردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگیپێدانی بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی بەردەوام دەبێت.