فریاکەوتنی خێرای سلێمانی: 41 کەس بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بریندار بوون

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، شەوی سەری ساڵ هیچ رووداوێکی تەقەکردن و دزیکردن تۆمارنەکراوە، تەنیا رووداوێکی شەڕکردن هەبووە ئەویش دوای چوونیان بۆ بنکەی پۆلیس ئاشتبوونەتەوە. بەڕێوبەری کارگێڕیی فریاکەوتنی خێرای سلێمانیش دەڵێت، تەنیا بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە 41 کەس بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی دراون، شەوی رابردوو نزیکەی 200 هەزار کەس بەشداریی ئاهەنگەکانی سەری ساڵیان لەو شارە کردووە. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: “شەوی رابردوو هیچ رووداوێکی نەخوازراو تۆمارنەکراوە.” 

بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، لە شەوی سەری ساڵدا تەنیا یەک رووداوی شەڕکردن هەبووە، بەڵام لایەنە شەڕکەرەکان هەر لە بنکەی پۆلیس ئاشتبوونەتەوە.

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی نوێترین زانیاری لەبارەی ئەو کەسانە ئاشکرا کرد کە بە تۆمەتی پەلاماردان و سوکاتیکردن بە کچێک لە ناوچەی هوانەی سلێمانی دەستگیرکراون و رایگەیاند: “تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە کە لە کچەکە دەدات لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا کە لە گرتەڤیدیۆکەدا دەردەکەون، دەستگیرکراون و گوتەیان لێ وەرگیراوە و چاوەڕێی دادگەین بڕیاریان لەبارەوە بدات.”

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، “بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکەی هوانە و پێشاندانیان بۆ ئەوە بووە ببێتە وانەیەک بۆ کەسانی دیکە و شەڕ نەکەن و چەک هەڵنەگرن.”

هاوکات، عیرفان عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە رووداوی گوت، لە کاژێر 3ـی دوای نیوەڕۆی دوێنێ تاوەکو کاژێر 3ـی بەرەبایانی ئەمڕۆ، 114 رووداو روویانداوە.

بەگوتەی عیرفان عەلی، لەو ژمارەیە 41ـیان بەهۆی بەرکەوتنی یاریی ئاگرینەوە بووە و 31 دیکەیان برین بووە بەهۆی شەڕەوە، 9یان دابەزینی گوشاری خوێن بووە بەهۆی قەرەباڵخییەوە. هەروەها دوو برینداربوون بە چەقۆ هەبووە و تەنیا یەک کەس لە نەخۆشخانە ماوەتەوە کە زیان بە چاوی گەیشتووە.

دڵخوازەكانتان