هەولێر.. ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ پشوەکانی سەری ساڵ بڵاودەکرێتەوە
جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە دو رۆژی رابردودا زیاتر لە 25 هەزار گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشوی سەری ساڵ هاتونەتە شاری هەولێر و پێشبینیش دەکەن بۆ رۆژانی سەری ساڵی تازە، زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەن.
25 هەزار گەشتیار هاتونەتە هەولێر
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر : راگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا لە بازگەی شێراوە و پارێزگای موسڵەوە 25 هەزار گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشوی سەری ساڵ، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەولێریان کردوە، ئەوە جگە لەو گەشتیارانەش کە لەرێگەی فڕۆکەخانە، دەروازەکان و بازگەکانی دیکەی هەولێر لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە هاتونەتە ناو شاری هەولێر.
پێشبینی دەکەین زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێر بکەن
ئەوەشی خستەڕو، لە دو رۆژی پێش هاتنی سەری ساڵ و دو رۆژی دوای سەری ساڵ، بەگشتی پێشبینی دەکەن زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێر بکەن، شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێریش رۆژانە دەتوانن 45 هەزار گەشتیار لەخۆ بگرن.
نزیکەی دو ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار هاتونەتە هەولێر
پەیوەست بە ئاماری هاتنی گەشتیارانیش لە ساڵی 2022دا، جێگری پارێزگاری هەولێر وتی، لە 11 مانگی ساڵی 2022دا، نزیکەی دو ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار هاتونەتە هەولێر و بۆ ساڵی داهاتوش کاردەکەن بۆ ئەوەی ژمارەکە زیاتر بکرێت و شوێن و خزمەتگوزارییەکانی گەشتیارانیش زیاتر بکرێن.