کچە ئەندازیارێک دەكەوێتە نێو مەنهۆڵی پرۆژەیەكی گوندی ئەڵمانی سێ و گیانی لەدەستدا

نینا حوسێن ئەندازیاری پرۆژەیە سەرپەرشتی ئەندازیاری پرۆژەیەكی لە گوندی ئەڵمانی سێ كردووە دوای ئەوەی کەوتبووە نێو مەنهۆڵێکەوە و بە سەختی بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەڵێت، مەنهۆڵەکە نزیکەی 15 مەتر قووڵ بووە.

 ئەو ئەندازیارە پێنج رۆژ لەمەوبەر لەکاتی کارکردن كەوتوەتە نێو مەنهۆڵەكە بەبرینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و دوای مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 5 رۆژ لە نەخۆشاخانە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا، رۆژی چوارشەممە 21-12-2022 گیانی لەدەستدا.

 هاوكات دکتۆر ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار دەڵێت:” ئەو کچە سەرەتا هێندرایە نەخۆشخانەکەمان، برینەکانی سەخت بوون، ئەو مەنهۆڵەی كە تێ كەوتووە ئاوی تێدا بووە؛ تووشی خوێنبەربوونی مێشک ببووە و  قاچێک و چەند پەراسوویەکی شکابوون.”

 بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، خوێنبەربوونەکەی مێشکی نینا ئەوە نەبووە بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت و تەنیا چارەسەر مانەوە بووە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا.

گوتیشی، “بە خێزانەکەیمان گوت کە ئەگەری مانەوەی کەمە لە ژیان و ئەگەر گیانیش لەدەستنەدات رەنگە تووشی ئیفلیجی ببێت. دواتر خێزانەکەی بردیانە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی و لەوێ لەژێر چاودێریی چڕدابوو.”

نینا حوسێن، دەرچووی بەشی ئەندازیاریی ئاودێریی زانکۆی سلێمانی بووە، بە گوتەی خاڵی کە قسەی بۆ میدیاكان كردووە نینا لە یەکێک لە پرۆژەکانی کۆمپانیای نالیادا کەوتووەتە نێو مەنهۆڵەوە و بە سەختی بریندار بووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شار؛ دواتر براوەتە نەخۆشخانەی فارووق و لەوێ گیانی لەدەستداوە.

دڵخوازەكانتان