ڕۆژی سێسەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2022 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی ئاڵوگۆڕ کران و ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بەرنامەی کاری حکوومەتی تازەی عێراق.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگال کرایەوە. ئەویش بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ دەڤەری شنگال و کۆتاییهاتنی بارودۆخی ئاوارەیی خەڵکی شنگال و گەڕانەوەیان بۆ زێدی باب و باپیرانیان.
هەڕەشەکانی تیرۆر تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو، کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر ئەوەی دووپات کردەوە کە وڵاتەکەی لە شەڕی تیرۆردا بە هاوبەش و پشتیوانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە و سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بەلای ئەڵمانیاوە بایەخی تایبەتی هەیە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆردا یارمەتیی گەلی کوردستانیان داوە و پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئەڵمانیای بە مێژوویی و دۆستانە وەسف کرد.