د. شاخەوان: دەمانەوێ بەپێی یاسا کێشەی زەویی جووتیاران چارە بکەین

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی کێشەی زەویی جووتیارانی سنووری کەرکووک چارە بکەن و دەشڵێ: “دەمانەوێت بەپێی یاسا و بە شێوەی بنەڕەتی کێشەکان چارە بکەین”.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لە ماوەی ڕابردوودا سێ کۆبوونەوەی گرنگمان سەبارەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان کردووە و کۆبوونەوەیەکی دیکەشمان ئەنجام دا، کە تا ئێوارە بەردەوام بوو و قۆناغی باشمان بڕیوە، هەروەها بەربەستەکان لادراون و رێککەوتنێکی سەرەتایی لە نێوانماندا کراوە، کە ئەو رێککەوتنە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیشدا باس دەکەین”.

عەبدوڵڵا گوتیشی: “بۆ چارەکردنی بنەڕەتیی ئەم کێشەیە، پێویستە ببێتە پڕۆژەیاسایەک و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، هەروەها ببێتە یاسا و بە گوێرەی یاسا ئەو کێشەیە چارە بکرێت و کۆتایی بێت، کە ساڵانێکە بەردەوامە، ئەمەش لە ڕووی یاساییەوە کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادە بوون، بۆیە هەنگاوی باشمان ناوە”.

ناوبراو باسی لەوەش کرد: “لەبارەی داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کوردیش لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، ئێمە لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوامین بۆ چارەکردنی کێشەکە، کە عەرەبەکان بەنیاز بوون زەوییەکانی گوندی یەنگیجە بکێڵن و ئێمەش لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان قسەمان کرد، بۆیە رێگری کرا عەرەبەکان زەوییەکان بکێڵن و دوور خرانەوە”.

دەشڵێ: “بەردەوام حاڵەتەکانمان چارەسەر کردووە، بەڵام ئەمە چارەسەری بنەڕەتی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لەسەر هێڵین و ئێمە لەگەڵیانداین، بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک هەبێت و لە هەر کاتێک بێت، بە شەو یاخود بە ڕۆژ، بۆیان چارە بکەین، تا ئەو کاتەی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یاسایی چارەسەر دەبن”.

دڵخوازەكانتان