باڵیۆزی یۆنان: رۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بەرچاو و مایەی رێزە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی یۆنان لە عێراق کرد. باڵیۆزی یۆنان رایگەیاند، رۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە “بەرچاو و مایەی رێزە.”

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 12-12-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە جۆرجیۆس ئەلامانۆس، باڵیۆزی نوێی یۆنان لە عێراق كرد.

وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی وەكو باڵیۆزی نوێی وڵاتەكەی لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی “هەموو پشتیوانییەكی خۆی و هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی نیشان دا.”

لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی یۆنان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، بەتایبەتی لە بوارەكانی په‌روه‌رده‌، بازرگانى، ئابوورى و گه‌شتوگوزاردا.

لای خۆیەوە باڵیۆزی یۆنان “سەرسامیی خۆی بە پێشكەوتن و ئاراميى هەرێمی كوردستان نیشان دا و دووپاتی كردەوە كە رۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە، رۆڵێكی بەرچاو و مایەی ڕێزە.”

چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوە کراوە، كە كۆنسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی كوردستان تێیدا ئامادە بوو.

دڵخوازەكانتان