سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی 12ـی 2022 تەقەیان لە دوو شوانکاری کورد کردووە، لە کاتی هەڵاتن لە شاخ کەوتوونەتە خوارە و گیانیان لە دەست داوە.
پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: سوپای پاسدارانی ئێران لە کوێستانەکانی قەندیل لەنزیک دەڤەری پشدەر لە سنووری نێوان ئێران – ھەرێمی کوردستان، تەقەیان لە دوو شوانکاری کورد کردووە.
ڕاشیگەیاند: کاتێک ئەو دوو شوانکارە ویستوویانە خۆیان ڕزگار بکەن لە شاخ هەڵدێراون و گیانیان لەدەست داوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە شوانکارەکان خەڵکی گوندی بێپاڵانن لە سنووری ناحییەی سەنگەسەر، هەردووکیان بران بە ناوەکانی سەرباز حەمەد برایم و کامەران حەمەد برایم، هەروەها خێزاندارن.
پەیامنێرمان باسی لەوەش کرد کە ئێستا تەرمی ئەو دوو برایە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕانیە کراون.