گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی بەردەوامن و کادیری دیکە پۆستە حکوومییەکان وەردەگرن

راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆڕانکارییەکان لەناو حیزب دەستیان پێکردووە و بەشێک لە گۆڕانکارییەکانیش کراون و بەردەوامیش دەبن. دەشڵێ، پێداچوونەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتییەکاندا دەکرێت.

عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی،  دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پاش کۆنگرە دەستی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری کرد لەسەر ئاستی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی و جێگری سەرکردایەتی و کادیرانی پێشکەوتوو، سەرلەنوێ ئەرکەکان دابەش دەکرێن و گۆڕانکارییەکانیش بەردەوام دەبن، هەروەها پێداچوونەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتییەکاندا دەکرێت، کە هەر شوێنێک پێویستی بە گۆڕانکاری هەبێت، گۆڕانکاری دەکرێت.

روشدی گوتیشی، گۆڕانکاری لە بەرپرسانی لقەکانیش دەکرێت، بەڵام مەرج نییە لە هەموو لقەکان بکرێت، کە بەشێکیان دەگۆڕدرێن و بەشێکیشیان وەکو خۆیان دەمێننەوە، مەرجیش نییە ئەوانەی پلەیان پێدەدرێت ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بن، گرنگ ئەوەیە کادیری پێشکەوتوو بن.

دەشڵێ، ئەوانەی گۆڕانکارییان تێدا کراوە لەمەودوا دەستبەکار دەبن و هەر کاتێک لە هەر شوێنێک ئامادەکاری بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونەکانیان کرا، دەستبەکار دەبن.

عارف روشدی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو هەڤاڵانەی بەرپرسیارێتیی حکوومییان هەیە و بوونەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یاخود ئەندامی مەکتەبی ناوەندی، پێویستە دەستبەرداری پۆستی حکوومی بن و کادیری دیکە شوێنی ئەوان دەگرنەوە و پۆستە حکوومییەکان وەردەگرن، بۆیە ئەو هەنگاوەش دەستی پێکردووە و بەردەوامیش دەبێت.

دڵخوازەكانتان