گوتەبێژی پارتی: ئێمە و یەکێتی نیگەرانییەکانی یەکتر دەزانین

مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی هەردوولا لە نیگەرانییەکانی یەکتر تێدەگەن و دەبێت چارەسەر بۆ هەموو کیشەکان بدۆزرێتەوە.

گوتەبێژی پارتی بە کورستان24ی گوت: “دەبێت پێکەوە دابینیشین  و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، ئێمە لە وڵاتێکداین کۆمەڵێک شتی گرنگ لە ئارادایە، کە پەیوەندیی تەنیا بە حزبێک یان کەسێکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو گەلی کوردستان و نیشتمانەکەمانەوە هەیە، بۆیە دەبێت چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە و رێکبکەوین”.

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی یەکێتی، مەحموود محەممەد رایگەیاند، ئەوان لە نیگەرانییەکانی یەکێتی تێدەگەن و یەکێتیش نیگەرانی ئەوان دەزانێت، وەکخۆی دەڵێت: “هەردوولامان نیگەرانیمان هەیە و دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین”.

هەرچەندە گوتەبێژی پارتی ئاشکرای نەکرد کە نیگەرانییەکانی ئەوان لە یەکێتی چییە، بەڵام گوتی: “لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ یەکێتی باسی نیگەرانییەکان دەکەین”.

جەختیشیکردەوە، وەک پارتی ئەوان بڕياری کۆنگرە و کۆمیتەی ناوەندیان هەیە، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەڵدەنەوە.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئەگەری کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت، گوتەبێژی پارتی گوتی: “ئەوکات قسەی لەسەر دەکەین”.

دڵخوازەكانتان