وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەدرۆ دەخاتەوە

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەدرۆ دەخاتەوە و رای دەگەیەنێت كە ئەو دەنگۆیانە بێ بنەما و ناڕاستن كە ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی گەڕانەوەی پارەی فرۆشگەی قوتابخانەكانی سلێمانی بۆ هەولێر كردوویەتی. ئەمەش دەقی وەڵامەكەیە:- 

 وەڵامێک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەوە بۆ پەرلەمانتار (کاروان گەزنەیی)

 لامان باشبوو بەرێز کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری کوردستان بە زانیاری ووردەوە لەسەر داهاتی فرۆشگەی ( حانوت ) قوتابخانە و خوێندنگەکان لێدوان بدات ، بەڵام بەداخەوە بێ هەبوونی زانیاری بەڕێز کاروان گەزنەیی  لە لێدوانێکدا دەڵێت (( تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر )) ، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەو قسەیەی بەڕێز (کاروان گەزنەیی) ناڕاستە هیچ بنەمایەکی نییە، داهاتی فرۆشگە ( حانوت ) ی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و  تەنانەت دهۆکیش  نەگەڕاوەتەوە بۆ هەولێر.

داهاتی فرۆشگەی ( حانوت ) ی قوتابخانەکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی بۆ ئەمساڵی خوێندن 2022-2023 بریتی بووە لە ( 3٫910٫023٫000) سێ ملیار و نۆسەد و دە ملیۆن و بیست و سێ هەزار دینار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەڵەبجە بریتی بووە لە (219٫000٫000 )دووسەد و نۆزدە ملیۆن دینار، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان بریتی بووە لە (462٫714٫000) چوارسەد و شەست و دوو ملیۆن و حەفت سەد و چواردە هەزار دینار، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی ڕاپەرین بریتی بووە لە (546٫722٫000) پێنج سەدو چل و شەش ملیۆن و حەفت سەدو بیست و دوو هەزار دینار، ئەو پارانە نەهاتۆتە هەولێر، لەبەردەستی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین بووە و بە گوێرەی رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2022)، پارەکەیان وەرگرتووە لای خۆیان و دابەشیانکردۆتەوە بەسەر ناوەندەکانی خوێندن و ئەوەی دیکەش بۆتەوە داهات بۆ پەروەردەکان بۆ ئەوەی بۆ بابەتی ڕاهێنان و چالاکیی وەرزشی و هونەری و پێداویستیەکانی پەروەردەکان و ناوەندەکانی خوێندن خەرجی بکەن.

 تەنانەت ئەمە بۆ پەروەردەی گشتیی دهۆک و زاخۆ و سۆرانیش بەهەمان شێوەیە، بە نموونە پارەی فرۆشگەی قوتابخانەکانی دهۆکیش نایەتەوە بۆ هەولێر، سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەش بەهەمان شێوەن. 

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

7ی 12ی 2022

دڵخوازەكانتان