سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان: جگە لە هەنار، هەنجیر و ترێ و هەرمێش هەناردە دەکەین

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان گوتی، “هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی ئاستی هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، ئێمە ساڵانە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لە گوتوبێژداین بۆ ئەوەی هەنار هەناردە بکەین، بۆیە ئێمە ساڵانی رابردوو هەوڵماندا و توانیمان بۆ یەکەمجار هەناری کوردستان هەناردەی بەریتانیا بکەین، ئەمساڵ هەناری هەڵەبجە کۆدەکرێتەوە و ئێستا 500 تۆنی لێ هەناردەکراوە بۆ وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، کوێت و بەریتانیا؛ هەروەها چاوەڕوان دەکرێت 500 بۆ 1000 تۆنی دیکە بۆ ئەو وڵاتانە هەناردە بکرێت.”

مستەفا عەبدولڕەحمان گوتیشی، “ئەو هەنارەی هەناردەکراوە، کۆکراوەتەوە و هی ژمارەیەک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام زۆرینەی هەناری هەڵەبجە و سازانە.”

لەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکەشەوە، روونیکردەوە، “هەناردەکردنی هەنار سەرکەوتوو بووە، بۆیە ئێمە لە پلانماندایە بەرهەمەکانی دیکەش (هەنجیر، ترێ و هەرمێ) هەناردە بکەین و ئێستا ئەو سێ میوەیە ئامادەن بۆ هەناردەکردنیان بۆ هەمان ئەو وڵاتانە.”

سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەناری کوردستان دەبێتە براند و دەشڵێت، “وەکو کوالیتی هەناری کوردستان سەرکەوتوو بووە و ئەو وڵاتانەی بۆیان هەناردەکراوە لە کوالیتیی هەنارەکەمان رازین و هەوڵدەدرێت ساڵانە بڕی زیاتر هەناردە بکرێت.”

بەرهەمی ساڵانەی هەنار لە هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 50 هەزار تۆن، زۆرترین بەرهەمی هەنار ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە کە لە نۆ هەزار دۆنم، نزیکەی 35 هەزار تۆن دەخەنە بازاڕەکانەوە.

دڵخوازەكانتان