مەسروور بارزانی: پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەرتەکانی تریش و زیادبوونی داهات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵ.

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا گرنگیدان بە بەرهەمی جووتیاران و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە دەڵێت: “زۆر دڵگران بووم کە بینیم جووتیارەکان ناتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بفرۆشن، ئێمە هەر زوو هەستمان بەوەکرد خوا سەروەتێکی زۆری بە ئێمە داوە کە بەداخەوە وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە. ئەویش بابەتی کشتوکاڵە، بۆیە لە سەرەتاوە زۆر جەختم لەوەکردەوە دەبێ ئێمە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکەین و یارمەتی جووتیارەکانمان بدەین، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم سامانە نیشتمانییە بە ئاستێک بگەیەنن کە ببێت بە خێروبەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بۆ زیادکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەوڵماندا جووتیارەکان رازیبن، حکوومەتی هەرێم سیاسەتێکی وابگرێتەبەر کە بەرهەمی جووتیارەکان وەربگرێتەوە نەک تەنیا لە ئاستی ناوخۆ، بەڵکو شتێکی وابکەین هەناردەی دەرەوەشی بکەین، بۆ ئەوەی زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا وابکات کە ژێرخانێکی پتەوتری ئابووری بەتایبەتی لە رووی کشتوکاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبێت”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: “ئەگەر سەیری مێژوو بکەن کشتوکاڵ لەم ناوچەیە سەریهەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی هەرێمی کوردستان ئەگەر سەیری بکەین چەندین هۆکار هەبوون کە نەیهێشتووە بابەتی کشتوکاڵی لێرە پەرەبستێنێت، پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان، دروستکردنی کەمپەکان، سیاسەتێکی مەرکەزی هەبووە بۆ ئەوەی خوڵکی کوردستان لە زەوییەکانی دووربخرێنەوە، نەبن بە خاوەنی بڕیاری خۆیان، بەڵکو هەمیشە چاویان لە دەستی حکوومەتێکی داگیرکەربێت، ئەمە هۆکاری سەرەکی بووە کە زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵی داوە، دوای ئەوەش سیاسەتێکی تری بەرامبەر پەیڕەو نەکراوە تاکو بوژانەوەی ئابووری لەسەر بنەمای کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی پەرەبستێنێت، ئێمە لەم کابینەیەدا هەستمان بەوەکرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبن نەهاتووی بە خەڵکی ئێمەداوە، پێویستە لە سەرەتاوە یارمەتی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیشیان بین، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدەن، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نەک ببێت بە داهاتێک بۆ خۆیان، بەڵکو یارمەتیدەرێکی سەرەکی بێت بۆ حکوومەت و بۆ زیادکردنی داهات لەسەر ئاستی هەموو کوردستان”.

مەسروور بارزانی جەختدەکاتەوە، کە سیاسەتی کابینەی نۆیەم هەمەجۆر کردنی داهاتە و دەڵێت: “سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵ، کەرتەکانی تریش هەن وەکو گەشتوگوزار و پیشەسازی، ئەمانەش گرنگیمان پێداون، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، ئێمە خاکێکی بەخێر و بەپیتمان هەیە، وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ پەرەی پێبدرێت بێگومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتەکانی تریش، کەرتی پیشەسازی بۆ نموونە ئەوکاتە دەتوانێت پێشبکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێشبکەوێت، کشتوکاڵ خۆی دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی چەندین کاری تر، نموونەیەکی بەرچاو ئەمەیە کە هەر جووتیارێک تاکو بەرهەمی خۆی وەبەردێنێت و دەیگەیەنێتە بازاڕ، دەبێت بە چەند قۆناغێک تێپەڕێت، وە لەمە پێویستی بە چەند ئامراز و ئامێرێکە، بۆ یارمەتیدانی ئەو جووتیارە تاکو بەرهەمەکەی خۆی پێبگەیەنێت، ئەمە وادەکات کەرتی پیشەسازی بێتە ناو بابەتەکەوە، لەلایەکی دیکەوە بابەتی گواستنەوە، ئەمە هەمووی دروستکردنی هەلی کارە و زیادکردنی جۆرەکانی ئابووریه‌ لە هەرێمی کوردستان، بەڵام من دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کشتوکاڵ بنەمای بەهێزی ئابوورییەکی بەهێزە لە هەموو وڵاتێکدا، بۆیەش جەختێکی زۆرمان لەسەر کردووەتەوە، لەلایەکی دیکەش دەتوانم بڵێم سەرمایەکی لەبن نەهاتووە، هەموو ساڵێک دەتوانی نوێی بکەیتەوە و پەرەی زیاتری پێبدەیت، بەتایبەتی ئەگەر بتوانی بیگەینیتە ئاستێک کە پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین بکات، لەمەش زیاتر هەناردەی دەرەوەی بکەیت ئەمە دەبێتە داهاتێکی زیاتر کە ئەتوانی لە شوێنەکانی دیکە وەبەر‌هێنانی بۆ بکەیت، ئەمە ئابووری هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر بەرەو پێش دەبات”.

سەرۆکی حکوومەت، گوتی: “من دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم ئێمە دەتوانین بابەتی ئاسایشی خۆراک بە تەواوی لە کوردستان دابین بکەین، ئەگەر پەرە بەو کەرتە بدەین هیچ مەترسییەکمان لەسەر ئاسایشی خۆراک نابێت، کە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک، نیشتمانێک و کیانێک، لەلایەکی ترەوە پەرەپێدانی ئەم کەرتە وادەکات کە کاریگەریت هەبێت لەسەر ناوچەکانی دیکە، بۆ نموونە لە عێراقدا دەتوانین کوردستان وەکو سەبەتەی خۆراک بەکاربێنین، چونکە زەوییەکی بەپیتمان هەیە، ئێمە ئەگەر سوود لەوە وەربگرین دەتوانین کاریگەرییمان هەبێت، ئەم دانوستاندنە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر پێگەت، وەکو نیشتمان و نەتەوە، دەتوانێت وەبەرهێنەری ئاسایشی خۆراک بێت، نەک تەنیا بۆ خۆت بۆ وڵاتانی تریش، زۆر وڵاتی تر هەن لەوانەیە ئەو خاکەیان نەبێت بتوانن کشتوکاڵی تێدا بکەن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانیش دابین بکات، ئەمە خۆی لە خۆیدا وادەکات بابەتی دانوستاندن و هەناردەکردن و هاوردەکردن بگەیەنێتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت”.

مەسروور بارزانی، گوتیشی: “هەموو شتێک لەسەر ئەوەیە کە تۆ پێویستیت بە چییە، راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە و زۆرترین داهاتی ئێمە لەو کەرتەوە بووە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەم داهاتە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئێمە ئەوکاتە چیبکەین، دەبێت لە سەرەتاوە بیر لەوە بکەیتەوە مادام ئیمکانیەتی ئەوەت هەیە کەرتی کشتوکاڵی وا لێ بکەیت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ وڵاتەکەت بۆ نەیکەیت، من پێموایە تاکو ئێستا کە نەکراوە هەڵە بووە، دەبوایە زوو وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو بناغەیە لەسەرەتاوە دروستبکرێت، ئینجا دێتە سەر ئەوەی کە وڵاتانی دیکەش پێویستیان بەوە هەیە، کە بێن ئاڵوگۆڕی بیروڕات لەگەڵ بکەن، ئەوە کراوە، ئێمە چووین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دۆستمانن بیرۆکەکەمان لەگەڵ باسکردوون، کە کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانیش دابین بکات، ئەگەر ئەوانیش بیانەوێت سوود لەو سامانە نیشتمانییە یان سرووشتییە وەربگرن، ئەمە رێگەی خۆشکرد، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین وەکو هەنگاوی یەکەم (پایلۆت پرۆجێکت) شتێک بکەین بیرمان لەوە کردەوە، لە هەنار کە زۆریش بەتامە هەناری کوردستان ئێمە ئەوە وەکو پایلۆت پرۆجێکت بەکاربێنین، هەنار هەناردەی دەرەوە بکەین، بەڵام لەوە نەوەستین، دواتر بیر لەوە دەکەینەوە بەرهەمەکانی دیکەی کشتوکاڵیش وەکو ترێ، هەنگوین، هەنجیر و زۆر میوەی تر هەناردەی دەرەوە بکەین، کە ئەمە پێموایە زۆر یارمەتیدەر دەبێت، هەم بۆ جووتیارەکان هەمیش بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی”.

سەرۆکی حکوومەت، راشیگەیاند: “من داکۆکیم لەوەکردووە تامی میوەی کوردستان وەکوخۆی بمێنتەوە، بۆیە داوامکردووە شتەکان ئۆرگانیک بن، هەر ئەو تامە خۆشە خەڵک هەستی پێبکات من دڵنیام دۆستمان زیاتر دەبێت، تەنیا وەکو (پایلۆت پرۆجێکت) هەناردەکردنی هەنارمان دەستپێکردووە، هەناری کوردستان تامی زۆر خۆشە ئامادەبوو بۆ ئەوەی لەسەرەتاوە لەوە دەستپێبکەین، دەتوانم بڵێم میوەکانی دیکەی کوردستانیش لە قۆناغەکانی دیکەدا ئیشیان لەسەر دەکەین”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی دەڵێت: “بابەتی کشتوکاڵی دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی زۆر بابەتی تری ئابووری، ئەگەر بەرهەمی ناوخۆیی کشتوکاڵی زیاد بکات پێویستت بەوە دەبێت لە شوێنێک هەڵیان بگریت، کەواتە دەبێت ژمارەیەک وەبەرهێنەری تر بێن کۆگا دروست بکەن، بۆ کۆکردنەوەی ئەو هەموو بەرهەمە ناوخۆییە، دواتر پێویستت بە لە قووتونان (پاکێجینگ) دەبێت کەواتە دەبێ کۆمپانیای دیکە بێن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی رێکوپێک و ستاندارد بەرهەمەکان ئامادە بکەن و هەناردەی دەرێی بکەن، هەروەها پێویستی بە کۆمپانیای دیکە دەبێت بۆ گەیاندن کەواتە تەنیا بە زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی چەندین کەرتی تر و کۆمپانیای دیکە بەکاردەخرێن، هەر کۆمپانیایەی چەندین هەلی کار دەڕەخسێنن، کەواتە سەرچاوەی ئابوورییەکی بەهێز لە کشتوکاڵەوە دەستپێدەکات و پەرەدەستێنێ بۆ پیشەسازی و بازرگانی، ئەمە وادەکات لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئابووری کوردستان هەستێتەوە و بەهێزتر بێت”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختدەکاتەوە: “رێگە کراوەیە ئەگەر وەبەر‌هێنەری ناوخۆیمان هەبێت، بێگومان وڵاتی خۆیانە و ئێمە وەکو حکوومەت پاڵپشت و هاندەریان دەبین بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بکەن، ئەگەر دەتوانن بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەری بیانیش وەبەر‌هێنان بکەن ئەمەش دیسان رێگە کراوەیە، هەروەها ئەگەر وەبەر‌هێنەری بیانیش بێن وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن دیسان رێگە کراوە، کەواتە بۆ هەموو لایەک رێگە هەیە و حکوومەت پاڵپشت و هاوکارە دەبێت”

مەسروور بارزانی داواش لە جووتیاران دەکات زیاتر گرنگی بە وەبەر‌هێنان لە کەرتی کشتوکاڵی بکەن، بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، دەشڵێت: “ئەمە نەک بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەتوانین هەناردەی دەرێشی بکەین، داهاتی خۆیان زیاتر دەکات و کوردستان بەهێزتر دەبێت، داواش لە هەموو وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەکەم سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە هەرێمی کوردستان رەخساندویەتی، بۆ ئەوەی بێن لێرە وەبەر‌هێنان بکەین کە بۆ ئێمە و وەبەرهێنەرەکانیش سوودی دەبێت”.

لە کۆتایی گوتەکانیدا سەرۆکی حکوومەت، گوتی: “من پێم وایە سڕی سەرکەوتنی کوردستان لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی دایە، زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم جووتیارەکان بە جۆرێکی دیکە سەیری ئەو سامانە سرووشتییە دەکەن، ئەمە دەتوانێت کوردستان بباتە ئاستێکی زۆر بەرزتر، بۆیە من ئومێدێکی زۆرم هەیە لەو دەرگایە دەتوانین کوردستان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر ببەین و ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی خۆمان دابین بکەین”.

دڵخوازەكانتان